سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" وەکوو ئەندامی لێژنەی دادوەران، بەشداریی لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" لە وڵاتی ئیسپانیا کرد.

کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" Home And Key لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف"، ساڵی پار لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" Fuencaliente Rural لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم و ھەروەھا لە لایەن بینەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی بینەران بە دەرھێنەری فیلمەکە بەخشرا و ھەر ئەوکات "شوان عەتووف" وەکوو ئەندامی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێونەتەوەیی خولی داھاتووی ئەم فیستیڤاڵە دەستنیشانکرا.

ھەر بەم بۆنەیەوە "شوان عەتووف" وەکوو ئەندامی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێونەتەوەیی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" لە ئیسپانیا بەشداریی کرد و دوای بینین و ھەڵسەنگاندیی فیلمەکان، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی لێژنەی ناوبژیوانی ئەم فیستیڤاڵە خەڵاتیان بەسەر سینەماکارانی سەرکەوتوودا دابەشکرد.

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشنی و دیکۆمێنتاری لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە دوو بەشی پێشبڕکێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ھەروەھا بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ١٢ تا ١٨ی ئاب / ئۆگۆست ٢٠١٤ لە شاری فۆئێنکالینتێ یەکێک لە شارە گەشتیارییەکانی ئیسپانیا لە نزیک شاری مەدرید بەڕێوەچوو.

ئەکتەر و دەرھێنەری کورد "شوان عەتووف" پێشتریش لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەغداد و چەندین فیستیڤاڵی دیکەی فیلمی ناوخۆیی ئەندامی لێژنەی دادوەران بووە.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل".