فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە سینەماکانی شارەکانی ھەولێر و سلێمانی نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە بەرھەمھێنانی "مەمەد ئەکتاش" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتا و ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمەریکا، بە شێوەی گشتیی لە ڕۆژی پێنجشەمە ٨ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە ھۆڵی سینەمایی ئیمپایەر لە فامیلی مۆڵی شاری ھەولێر و ھەروەھا لە ھۆڵی سیتی سینەما لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان و نمایشەکەی دەست پێدەکات و خەڵکی دەتوانن بۆ بینینی ئەم فیلمە کوردییە سەردانی ئەم سینەمایانە بکەن و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.

نمایشی گشتیی فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە ھەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢٣ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە لە سینەماکسی "مازی مۆڵ" لە شاری دھۆک دەستی پێکردووە و نمایشەکەی بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.

ئەم فیلمە کوردییە کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و ھەروەھا چەندین خەڵاتی گرینگیشی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، تیایدا ئەکتەری ناوداری کورد "حوسێن حەسەن" و ھەروەھا "نەزمی کرێک"، "شیما مەلایی"، "سوعاد ئوستا"، "ڕێکێش شەھباز"، "بەنگین عەلی"، "ھوشیار زێرۆ"، "بەڕۆژ ئاکرەیی" و چەندین ئەکتەری دیکە ڕۆڵیان بینیوە.

بۆ بەردەوامبوون بە بەرھەمھێنانی فیلمە سینەماییەکان لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا ھاوکاریی کردنی سینەماکارانی کورد، پێویستە ھاوڵاتیان بە چوون بۆ ھۆڵەکانی سینەما و

بینینی ئەم فیلمە کوردییە لە پێکھێنانی ڕەوتێکی نوێی سینەما لە کوردستان ھەنگاو بنێین.

ترێلەری فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد":

https://www.plustransfer.com/download.php?id=1fade7f11ffc7e863b6485ba43b8c252

بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد".