فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" خەڵاتی باشترین فیلمی لە ٥٢مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئانتالیا" لە وڵاتی تورکیای بەدەستھێنا.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتا و ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦، کە بەرھەمی ساڵی ٢٠١٤ی ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیایە، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری فیلمەکە و ھەروەھا "شیما مەلایی" ئەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە لە دوو سانسی جیاوازدا، لەوانە: کاتژمێر ١٢ نیوەڕۆی ڕۆژی ٣ی دیسەمبەری ٢٠١٥ لە ھۆڵی سینەمایی "ئاسپاندووس" و کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٤ی دیسەمبەری ٢٠١٥ لە ھۆڵی ژمارە ٦ی سینەما "میگرۆس" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی نێونەتەوەیی پەنجاو دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئانتالیا" Antalya لە شاری ئانتالیا لە وڵاتی تورکیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەوە خەڵاتی پرتەقاڵی زێڕینی باشترین فیلمی پێبەخشرا.

ھەروەھا خەڵاتەکانی دیکەی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ بەم شێوەیە ڕاگەیێندرا:

ـ خەڵاتی پرتەقاڵی زێڕینی باشترین دەرھێنان بە سینەماکاری فەلەستینی "ھانی ئەبوو ئەسەد" بۆ دەرھێنانی فیلمی سینەمایی "یا تایر التایر" The Idol بەخشرا.

ـ خەڵاتی پرتەقاڵی زێڕینی باشترین سیناریۆ بە "ئێلێکساندرا ـ تێریس کاینینگ" بۆ نووسینی سیناریۆی "کچی ونبوو" Girls Lost بەخشرا.

ـ خەڵاتی پرتەقاڵی زێڕینی باشترین ئەکتەری ئافرەت بە "ئاڵبا رۆھرواچ" بۆ ڕۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی "سۆندی ویرجین" Sworn Virgin بەخشرا.

ـ خەڵاتی پرتەقاڵی زێڕینی باشترین ئەکتەری پیاو بە "حەیدەر شیشمان" بۆ ڕۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی "قەڵەندەر سوگۆگۆ" Kalandar Soğuğu بەخشرا.

ـ خەڵاتی پرتەقاڵی زێڕینی باشترین موزیک بە "ئێلنی کاریندرۆ" و "ئێرێنا پۆپۆڤیک" بۆ سازکردنی موزیکی فیلمی سینەمایی "ئابڵۆقەدراو" Enclave بەخشرا.

ـ خەڵاتی پرتەقاڵی زێڕینی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بە فیلمی سینەمایی "پاڵەوانانی پایوونیر" Pioneer Heroes لە دەرھێنانی بەخشرا.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئانتالیا" یەکێکە لە کۆنترین فیستیڤاڵەکانی ئەورووپا و ئاسیا و دوورودرێژترین فیستیڤاڵی وڵاتی تورکیا دێتەئەژمار کە نوێنەرایەتیی گرینگترین بەشی مێژووی ١١٠ ساڵەی سینەمای تورکیا دەکات.

پەنجاو دووھەمین خولی ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی ١٠ فیلم، بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی ١٢ فیلم، بەشی نمایشی کورتە فیلمی چیرۆکی ١٠ فیلم، بەشی نمایشی فیلمی دیکۆمێنتاریی ١٢ فیلم و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: ڕێزلێنان لە تەمەنێک چالاکی ھونەری سینەما لە ئەکتەری ناوداری فەڕەنسی "کاترین دۆنۆڤ" Catherine Deneuve، پێشانگایەک بۆ پازدەھەمین ساڵی کۆچی دوایی ئەکتەری ناوداری تورکیا "کەماڵ سۆنال" یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی سینەمای ئەم وڵاتە و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ٢٩ی نۆڤەمبەر تا ٦ی دیسەمبەری ٢٠١٥ لە شاری ئانتالیا لە وڵاتی تورکیا بەڕێوەچوو.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمەکانی "ئاسیا لۆس ئانجلێس" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەت بەم فیلمە کوردییە بەخشرا.

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداریی ئەم فیلمانەی کە لە لایەن وڵاتانی جۆراوجۆرەری کیشوەری ئاسیاوە بە ھەشتا و ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦ ناسێندراون لە ڕۆژانی ٢٦ی ئۆکتۆبەر تاکوو ٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ لە شاری لۆس ئانجلێس لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاریی زیاتر:

http://www. altinportakal. org. tr/search

بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد".