واباس دەکرێت کە ئەکتەری ناوداریی تورک "مریەم ئوزەرلی" بۆ بەشداریی لە پڕۆژەی "پێشمەرگە و شنگال" نوێترین بەرھەمی سینەمایی "بەھمەن قوبادی" سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.

بە پێی زانیاراییەکان، ئەکتەری ناوداریی تورکی "مریەم ئوزەرلی" Meryem Uzerli و ئەکتەری سەرەکی زنجیرە دڕامای "حەریم سوڵتان" لەگەڵ بەرھەمھێنەرێکی ناوداریی تورک لەسەر بانگێھشتی سینەماکاریی ناوداریی کورد "بەھمەن قوبادی" ڕۆژیی چوارشەمە ٢٧ی ئەپرێلی ٢٠١٦ سەردانی شاری ھەولێر دەکات و تاکوو ڕۆژیی شەمە ٣٠ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە و وادیارە لەسەر پڕۆژیەکی نوێی قوبادی سەبارەت بە پێشمەرگە و شنگال، لەگەڵ ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە دیدار و چاوپێکەوتن بکەن.

پڕۆژەی "پێشمەرگە و شنگال"، نوێترین بەرھەمی سینەمایی "بەھمەن قوبادی"یە کە دوای ئامادەکردنیی کارە سەرەتاییەکانی قۆناغی بەرھەمھێنان و ڕەخساندنیی ھەلی گونجاو، واباس دەکرێت کە تا کۆتایی ئەمساڵ دەست بە وێنەگرتنی بگیرێت.

وادیارە "مریەم ئوزەرلی" ھەر لەم سەردانەیدا بۆ ھەرێمی کوردستان، سەردانی شار شنگال بکات و لە نزیکەوە چاویی بەم شارە و بەرخۆدانی پێشمەرگە لە ڕزگارکردنیی ئەم شارە کوردنیشنە بکەوێت.