فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بێھرووز نوورانی پوور" سەبارەت بە کۆبانێ و شنگال لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە تاران نمایشکرا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بێھرووز نوورانی پوور" سەبارەت بە ڕووداوەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە سنەییە، سینەماکاری کرماشانی "کامڕان جاھیدی" مۆنتێری فیلمەکە و ھەروەھا ھەندێک لە ستافی فیلمەکە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە سێ سانسی جیاوازدا، لە بەشی پێشبڕکێی "جیلوەگاە شەرق" واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان.

فیلمی "١٥٧A" لە یەکەمین سانسدا سەرەتا لە کاتژمێر ٧ی ئێوارێی ڕۆژیی ٢١ی ئەپرێل لە ھۆڵی ژمارە ١ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو و لە دووەمین سانسدا لە کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژیی ٢٣ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٥ و پاشان لە سێیەمین سانسدا کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی ڕۆژیی ٢٥ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٤ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و لە لایەن ڕەخنەگرانی سینەما، ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێرانی سینەما و ھۆگرانی ھونەریی سینەماوە پێشوازیی لێکرا.

فیلمی کوردیی "١٥٧A" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ ١٥ فیلمی چیرۆکی لە وڵاتانی جۆراجۆری جیھان، لە ڕکابەریدا دەبێت، لەوانە: فیلمی دیکۆمێنتاریی "وەرزێران" Farmers لە دەرھێنانی "زۆراب کاترادزە" لە وڵاتی جۆرجیا، فیلمی سینەمایی "ھاری" Rabidity لە دەرھێنانی "ئەمیر ئەحمەد ئەنساری" لە وڵاتی ئێران، فیلمی سینەمایی "سێ ھەزار شەو" ٣٠٠٠ Nights لە دەرھێنانی "میا ماسری" لە وڵاتانی فەلەستین، فەڕەنسا، ئۆردۆن، لوبنان، قەتەر و ئیماڕات، فیلمی سینەمایی "گوڵی زینا" Zinnia Flower لە دەرھێنانی "تام شۆ یۆ لین" لە وڵاتی تایوان، فیلمی سینەمایی "براکەم خوسەرو" My Brother, Khosrow لە دەرھێنانی "ئێحسان بیگلەری" لە وڵاتی ئێران، فیلمی سینەمایی "چ بنەماڵەیەکی بێوێنە!" What a Wonderful Family! لە دەرھێنانی "یوجی یامادا" لە وڵاتی ژاپۆن، فیلمی سینەمایی "داری گوێو" The Walnut Tree لە دەرھێنانی "یەرڵان نوورمۆخامبتۆف" لە وڵاتی قەزاقستان، فیلمی سینەمایی "ھاوپۆلی نوێی" The New Classmate لە دەرھێنانی "ئاشواینی ئایۆر تیواری" لە وڵاتی ھیندستان، فیلمی سینەمایی "شەھید" The Martyr لە دەرھێنانی عەبدولعەلیم تاھێر لە وڵاتی عێراق، فیلمی سینەمایی "سولەیمان" Solomon لە دەرھێنانی "زازا خلووشی" لە وڵاتی جۆرجیا، فیلمی سینەمایی "خوشکی خانمی بەراز" My Sister, the Pig Lady لە دەرھێنانی "جۆنگ مون ـ ئیل" لە وڵاتی کۆریای باشوور، فیلمی سینەمایی "خۆشەویستی زەوی" Habib Al Ard لە دەرھێنانی "ڕەمەزان خوسرەو" لە وڵاتی کوەیت، فیلمی سینەمایی "ژانوییەی خوێناویی" Bloody January لە دەرھێنانی "وەحید فوئاد مستەفا یۆ" لە وڵاتی ئازەربایجان و ھەروەھا فیلمی سینەمایی "مادام کۆراج" Madame Courage لە دەرھێنانی "مرزاق عەلواش" لە وڵاتانی ئەلجەزائیر و فەڕەنسا.

ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە کە تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرینگی ناوخۆی وڵاتی ئێرانی بەدەستھێناوە، چیرۆکی ڕووخانی ئەخلاقە لە ساڵی ٢٠١٥ بە بۆنەی جەنگەوە، ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە ژیانی سێ کچی شاری کۆبانێ بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە باوکیان ٢٠ ڕۆژ پێش ئەوەی کە گرووپی تیرۆریستی داعش ھێرش بکاتە سەر کۆبانێ کۆچی دوایی دەکات و لە ئێستاشدا ھیچ زانیارییەکیان لە دایکیان نییە و لە یەکێک لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان لە شاری زاخۆ ژیان بەسەر دەبەن.

ھەندێک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" بریتین لە:

دەرھێنەر: بێھرووز نوورانی پوور، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: مێھدی ئازادی، مونتاژ: کامڕان جاھیدی، دەنگھەڵگر: بێھنام شێخ ئەحمەدی و والا میرانی، ئاوازدانەر: حەسەن ناھید و بەرھەمھێنەر: بێھرووز نوورانی پوور.

وێنەکان: مەنسوور جیھانی

بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتییسی و چوارەمین فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر.