فیلمی سینەمایی "ئەروەند" بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەریی ناوداریی کورد "سەعید ئاقاخانی" لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "ئەروەند" Arvand لە دەرھێنانی سینەماکاریی لاوی ئێرانی "پووریا ئازەربایجانی" و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەریی ناوداریی کورد "سەعید ئاقاخانی" و چەندین ئەستێرەی ناوداریی سینەمای ئێران لە چەندین سانسی جیاوازدا بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە بیجارییە، دەرھێنەر و ھەندێک لە ستافی فیلمەکە لە بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان.

"ئەروەند" چیرۆکی کەسێکە بە ناوی یۆنس کە بەرکەوتووی شەڕە و دوای ساڵانێکی زۆر لە ھەڤاڵانی دەگێڕێت و ھەوڵدەدات بیانبێنێتەوە و . . .

ئەکتەریی کورد "سەعید ئاقاخانی" یەکێکە لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، کە تا ئێستا لە ٧ فیلمی سینەمایی، ٦ فیلمی ڤیدیۆیی و تەلەڤیزیۆنی و ھەروەھا ٢٠ زنجیرە دڕامای کۆمیک و چیرۆکی ڕۆڵی سەرەکیی بینیوە و ساڵی ٢٠١٥ لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر بە ڕۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی "ماڵئاوایی دوور و درێژ" لە دەرھێنانی "فەرزاد مۆئتەمێن" توانی خەڵاتی تەندیسی بلوورینی باشترین ئەکتەریی سینەمای ئێران بۆخۆی مسۆگر بکات کە بە یەکەمین و گرینگترین خەڵاتی سینەمای ئێرانی دەستنیشانکراوە.

ھەندێک لە ستافی ئاماده‌کردنی فیلمی سینەمایی "ئەروەند" بریتین لە:

دەرھێنەر: پووریا ئازەربایجانی، سیناریۆنووس: پووریا ئازەربایجانی، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: موڕتەزا غەفووری، مونتاژ: ئەمیر ئەدیب پەروەر، دەنگھەڵگر: مەحموود خورسەند، موزیک: کارێن خۆمایوونفەر، دیزاینی سەحنە و جلووبەرگ: مێھدی مووسەوی، دیزانی میکیاژ: کامڕان خەلەج، دیمەنە تایبەتە مەیدانییەکان: محەمەدڕەزا شەڕەفەدین، دیمەنە تایبەتە کۆمپیووتێرییەکان: ئەمیر سەحەرخێز، مونشی سەحنە: جەمشید خەندان، بەرپرسی بەرھەم: پەیمان جەعفەری، ئەکتەرەکان: سەعید ئاقاخانی، خاتوو پانتێئا پەناھی ھا، خاتوو تەناز تەباتەبایی، مێھرداد سێدیقیان و بەرھەمھێنەر: مێھدی داوەری.

بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتییسی و چوارەمین فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر.