بیرئانینی "فەرەجوڵڵا سەلەحشوور" دەرھێنەری کرماشانی زنجیرە دڕامای "یۆسف" لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە شاری تاران بەرز ڕاگیرا.

بە ئامادەبوونی دکتۆر "حوجەتوڵڵا ئەیووبی" سەرۆکی ڕێکخراوەی سینەمایی ئێران و جێگریی وەزیری فەرھەنگ و ھونەریی ئێران، "ڕەزا میرکەریمی" سەرۆکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر، دەرھێنەریی ناوداریی سینەمای ئێران "مەجید مەجیدی"، "حەبیب ئیل‌بەیگی" جێگریی ھەڵسەنگاندن و چاودێریی ڕێکخراوەی سینەمایی ئێران، "عەلیڕەزا تابش" بەڕێوەبەریی ناوەندیی سینەمایی فاڕابی ئێران، "موحسین موئمینی شەریف" سەرۆکی حەوزەی ھەنەریی ئێران، میوانانی بیانی بەشداربووی فیستیڤاڵ و چەندین سینەماکاریی ئێرانی ڕێوڕەسمی بیرئانینی "فەرەجوڵڵا سەلەحشوور" دەرھێنەری کرماشانی زنجیرە دڕامای "یۆسف" لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران لە وڵاتی ئێران بەرز ڕاگیرا.

لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا "ڕەزا میرکەریمی" سەرۆکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر گوتی: ئەمڕۆکە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ بیرئانینی ھونەرمەندێکی تێکۆشەر کە ساڵانێکی زۆرە کار دەکات و زۆربەی خەڵکی لە دەرەوەی سنوورەکانیش ئەو دەناسن. "فەرەجوڵڵا سەلەحشوور" بە ئەکتەری و نووسین دەستی بە کاری ھونەریی خۆی کرد، شانۆگەریی پێشکەش دەکرد بەڵام ئەوەی کە میوانانی بیانی ئێمە لەم کۆڕەدا دەیناسن زنجیرە دڕاما جوانەکانی ئەم ھونەرمەندە بوو کە بە پێی چیرۆکە قوڕئانییەکان سازیی دەکرد. زۆر جوان لە بیرمە کە موسوڵمانانی لووتکەی ئەفریقیا، ھیندستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر کاریگەریی زنجیرە دڕاماکانی "یۆسف" و "پیاوانی ئانجلێس"دا بوون.

گوتیشی: ئەو ڕوانینەی کە سەلەحشوور بە بابەتی سینەمای ئاینیی بووی تا دوایین ساتەکانی ژیانیشی درێژەی ھەبوو و تەنانەت تا ئەو کاتەی کە لە بەرانبەر نەخۆشی شێرپەنجەدا وەستابوو، ئەو توانییەی ھەبوو کە زنجیرە دڕامایەکی دیکە بە ناوەرۆکی "مووسا" سازبکات. من ئاگام لە دەقەکەی نییە بەڵام زۆربەی ئەو ھەڤاڵانەی کە ئاگاداریی ڕەوتی نووسینی سیناریۆکەی بوون دەیانگوت کە دەرئەنجامەکەی زۆر باش دەرچووە.

سەرۆکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئەو ڕوانینەی کە سەلەحشوور بە سینەمایی ئاینیی بووی تا دوایین ساتەکانی ژیانیشی ھەر درێژەی ھەبوو. بە پێویستی دەزانم لەو کۆبوونەوەیە نێودەوڵەتییەدا و بەو ڕوانینەی کە فیستیڤاڵ ھەیەتی، ئەو ھونەرمەندەی کە خۆشەویستییەکی ئەوتۆی لە ناوچەکەدا ھەبوو ئاواتی باشترین پلە بۆ ڕۆحی دەخوازم و ھیوادارم کە ئێمەش لەم ڕێگایەی خۆماندا بتوانین پەیوەندییەکی باش لەگەڵ یەکترییدا بەرقرار بکەین.

لە درێژەدا "عەبدوالعەلیم تاھیر" دەرھێنەری فیلمی سینەمایی "شەھید" لە عێراق سەبارەت بە "فەرەجوڵڵا سەلەحشوور" گوتی: لە ڕێگای زنجیرە دڕامای ناوداریی "یۆسف" لەگەڵ ئاغای سەلەحشوور ئاشنابووم. زێدەڕەویی ناکەم شایەد زیاتر لە ٣٠ میلیۆن کەس لە عێراق چاویان لەم زنجیرە دڕامایە دەکرد، لەوانە: منداڵان، گەنجان، ئافرەتان و پیاوان و ھێشتاش کە ئەم زنجیرە دڕامایە لە تەلەڤیزیۆنەکانی عێراق پەخش دەکرێت بەردەوام وەکوو جاران بینەر بۆلای خۆی ڕادەکێشێت و خەڵکی لە بینینی ماندوونابن.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمە بیرئانینەدا "جاوید جەعفەری" دەرھێنەریی ھیندستانی و ئەندامی دەستەی دادوەرانی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر گوتی: من لە وڵاتێکەوە دێم کە دوو شت تیایدا زۆر گرینگە، دایک و سینەما. نزیکەی ٢٠٠ میلیۆن موسوڵمان لە ھیندستان بوونی ھەیە و بەرھەمەکانی ئاغای سەلەحشوورم لە تەلەڤیزیۆنە موسوڵمانەکاندا دەبینی. زنجیرە دڕاماکانی "یۆسف" و "پیاوانی ئانجلێس"م بینیوە.

گوتیشی: ئەوەی کە لەم زنجیرە دڕامایانەدا پێمخۆش بووە ئەوەیە کە چیرۆکەکان بە شێوەی کارا بۆ بینەر دەگوازرێنەوە. ئەوە بەرپرسیارییەکی زۆر گەورەیە کە چیرۆکەکان بەم شێوەیە پێشکەش بکرێت.

لە درێژەدا "بەسیر سەلەحشوور" کوڕی "فەرەجوڵڵا سەلەحشوور" وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ بەرپرسانی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر ڕایگەیاند: قسەیەکی ئەوتۆم نییە زیاتر ویستم سوپاسی خۆم پێشکەشتان بکەم، ھیوادارم کە سینەمای ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لایەنی چاکسازیی زیاتر سەبارەت بە کۆمەڵگای خۆی و دنیا ئاراستە بکات و ئاوێنەیەک بێت بۆ نیشاندانی فەرھەنگی دەوڵەمەندیی ئێران بە دنیا.

گوتیشی: ھیوادارم کە سینەمای ئێران بگاتە ئیستانداڕدە جیھانییەکان و بینەرانی زیاتر بۆلای خۆی ڕابکێشێت، چونکە لەو بڕوایەدام لە لایەنی فیلمسازییەوە دەتوانین سەرکەوتووبین و ھیوادرام ڕۆژێک بێت کە سینەمایەکی جیھانی، ئایینی و فەرھەنگیمان دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەم مەراسیمەدا دکتۆر "حوجەتوڵڵا ئەیووبی" سەرۆکی ڕێکخراوەی سینەمایی ئێران و جێگریی وەزیری فەرھەنگ و ھونەریی ئێران گوتی: زۆر بەختەوەرم کە ئەمڕۆکە ئەم کۆبوونەوەیە و ئەم ڕێوڕەسمە لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجردا بەڕێوەدەچێت، خوالێخۆشبوو سەلەحشوور مافی بەسەر شانی نیشتمان، سینەما و خەڵکیدا ھەیە، من ئەو کاتەی کە لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامیدا دیدار و چاوپێکەتنم کرد زۆربەیان داوای زنجیرە دڕامای "یۆسف"یان دەکرد و چەند نوسخەی ئەم بەرھەمە ھونەرییەم ھەبوو کە پێشکەشم کردن، زنجیرە دڕامای "یۆسف" باشترین

دیاریی بوو کە پێشکەش بە باڵیۆزان و وەزیرانی وڵاتانی بیانی کرا.

گوتیشی: ھونەریی خوالێخۆشبوو سەلەحشوور ئەوە بوو کە ئەوینداریی کارەکەی بوو و باوەڕ و ئیمانی پێی ھەبوو و توانی قوڕئان بە زمانی وێنە بە دنیا بناسێنێت. ھەڵبەت سەلەحشوور خزمەتێکی دیکەی بە سینەما کرد و ئەوی کە کارێکی کرد کە خەڵکی بە مەزھەبە جۆراوجۆر و بیرووباوەڕە جیاوازەکانەوە چاو لە زنجیرە دڕاماکانی بکەن و پەیوەندیی لەگەڵ بگرن کە ئەوە خاڵێکی زۆر گرینگە.

ئەوەیشی خستەڕوو: سەلەحشوور لە ئاشتی فیلمە جۆراوجۆرەکاندا ڕۆڵێکی گرینگی ھەبوو کە سینەما دەبێت قەدریی ئەو زەحمەتانە بزانێت. ئەو نموونەی سینەماکارێکی قوڕئانی بوو. سەلەحشوور یەک ڕێگا، یەک ڕوانین و یەک مەکتەب بوو. ھەر کاتێک کە سەلەحشوورم دەبینی کۆمەڵێک گەنجم دەبینی کە لە مەکتەبی ئەودا فێردەبوون و خاترجەمم کە ڕێگای ئەو درێژەی ھەیە.

سەرۆکی ڕێکخراوەی سینەمایی ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ھیوادارم کە پڕۆژەی "مووسا" کە یەکێک لە ئاواتەکانی ئەو بوو سازبکرێت و ھەڤاڵان یارمەتی بدەن تاکوو ئەم پڕۆژەیە لەسەر عەرز نەمێنێتەوە، ھەڵبەت ھەڤاڵی خۆشمان ھەیە کە ئەم پڕۆژەیە لە دوایین قۆناغی پێش بەرھەمھێناندایە و دۆستانمان لە تەلەڤیزیۆن بڕیاروایە یارمەتی بدەن کە ئەم زنجیرە دڕامایە سازبکرێت.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمی بیرئانینی "فەرەجوڵڵا سەلەحشوور" دەرھێنەری کرماشانی زنجیرە دڕامای "یۆسف"، مۆنتێری ئەم بەرھەمە تەلەڤیزیۆنییە "حوسێن زەندباف" گوتی: ئەو شانازییەم ھەبووە کە بە کارکردن لەم پڕۆژەیەدا پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ سەلەحشوور ھەبێت کە بێگومان ئەوە بۆ من زۆر گرینگە.

بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتییسی و چوارەمین فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر.