|
به‌رجه‌سته‌کراو
|
|
دووشەممە, 08 شوبات 2010 02:31 |
|
وه‌سفكردنی ناوچه ته‌عریب و داگیركراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به (ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌ر) له‌لای هه‌ندێك له‌شوفینیسته تازه‌كانی عیراق خراپ لێكدرایه‌وه و هه‌ندی له‌چاودێرانی سیاسیش به‌ته‌نازولی پێشوه‌خته‌ی سیاسه‌توانانی كوردیان له‌قه‌ڵه‌مدا، به‌ڵام له‌راستیدا كورد به‌مه‌به‌ستی ته‌نازول ئه‌م وه‌سفه‌ی قبوڵ نه‌كردوه و زیاتر پشتی به‌ماده‌ی 140ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق به‌ست، ره‌نگه كورد و سه‌ركردایه‌تی سیاسی له‌و باوه‌ره‌دا نه‌بووبن كه 3 حكومه‌تی یه‌ك له‌دوای یه‌كی عیراق كه كورد شه‌ریكی سه‌ره‌كی حوكمرانی بوبێت تیایدا، نه‌توانێت هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ری یاساییانه‌ی ئه‌و ناوچه داڕێنراوانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌واوبكات، ماده‌ی 140وه‌ك نه‌خشه‌رێگای دروستكردنه‌وه‌ی عیراقی نوێیه و هه‌ر خۆدزینه‌وه و هه‌وڵێك له‌هه‌ر حكومه‌ت و لایه‌نێكی عیراقی به‌مانای هه‌نگاونان به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عیراقه و ره‌نگه كورد و هه‌رێمی كوردستان تاكه هه‌رێم و پێكهاته‌ی عیراق نه‌بن كه مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عیراقیان به‌ئه‌گه‌رێكی زیندو دانابێت، ماده‌ی 140 جگه له‌وه‌ی ماده‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌ستووری هه‌ڵبژێردراوی عیراقه، تاكه چاره‌سه‌ری ئاشتیانه و یاساییانه‌ی كێشه‌كانی عیراقه و كێشه‌ی (هه‌ولێر و به‌غدا) ش به‌تایبه‌تی، كاتێك سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ردانی كه‌ركوك و له‌چه‌ندین بۆنه‌ی دیكه جێبه‌جێكردنی ئه‌م ماده ده‌ستووریه ده‌كاته گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌ی عیراق به‌یه‌كپارچه‌یی و فه‌رامۆشكردنی مادده‌كه‌ش به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌ری ده‌ستووری عیراق، ئه‌وه هه‌ره‌شه‌ی دابه‌شكردنی عیراق نیه هه‌روه‌ك شوفینی و ناحه‌زانی كورد بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت نان و پیازی پێوه بخۆن، به‌ڵكو ئه‌و هه‌ڵوێسته لوتكه‌ی عه‌قڵانیه‌ت و خه‌مخۆریه بۆ سه‌قامگیری و به‌رده‌وامبوونی شه‌راكه‌تی كورد و عه‌ره‌ب له‌عیراقدا و ئاسایشی هه‌موو ناوچه‌كه، ئێستا له‌عیراق دوو چیرۆك هه‌یه و هه‌ر چاودێرێكی به‌ویژدان له‌عیراق و جیهاندا ئه‌م دوو چیرۆكه بخوێنێته‌وه ده‌زانێت كه ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (چیرۆكی سه‌ركه‌وتن) و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عیراقیش به (ناوچه‌كێشه‌له‌سه‌ره‌كانیشه‌وه) چیرۆكی چاوه‌رێی مه‌رگه و ناكرێت بۆ هه‌تا هه‌تایه كورد چاوه‌رێی سه‌قامگیری عیراق و ره‌حمه‌تی حكومه‌ته‌كانی به‌غدا بكات، ئه‌وه‌ی له‌رۆژانی كۆتایی یه‌كه‌م مانگی ساڵی 2010 له‌به‌غدا و نه‌جه‌ف و موسڵ و كه‌ركوك و سه‌لاحه‌دین و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه رویدا له ده‌نگوباسی كوده‌تای سه‌ربازی و ته‌قینه‌وه و كردنه‌ئامانجی شوێنه پۆڵاینه‌كانی ناو پایته‌ختی عیراق، هه‌مویان ئاماژه‌ن بۆ زه‌روره‌تی گه‌ران به‌دوای به‌دیلی واقعی و راسته‌قینه و ره‌نگه ئه‌گه‌ر كورد ناوچه‌كانی ناوه‌راست و باشووری عیراق وه‌ك دوو ناوچه‌ی تایبه‌ت به‌چاره‌نووسی دانیشتوانه ره‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی بزانێت و بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ئویلاتی بۆنه‌كرێت، ده‌ست له‌كاروباری ئه‌و ناوچانه وه‌رنه‌دات، به‌ڵام هه‌رگیز بێده‌نگ نابێت له‌و كرده‌وه تیرۆرستیانه و له‌و سیاسه‌ته شوفێنیه‌ی كه هه‌ندی گروپ و لایه‌نی عیراقی ده‌رهه‌ق به‌دانیشتوانی (ناوچه دابڕێنراوه‌كان) ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، له‌مه‌سه‌له‌ی دانبه‌خۆداگرتن له‌و ناوچانه‌دا كورد سه‌بری ئه‌یبوبی هه‌بوو، سه‌ره‌رای هه‌ڵوێستی سیاسی به‌هێز و توانای سه‌ربازی تۆكمه بۆ گه‌رانه‌وه‌ی هه‌ر به‌شێك له‌ناوچه دابڕێنراوه‌كان، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی كورد و سه‌رۆك بارزانی هه‌میشه مه‌نتیقی عه‌قڵ و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه و ده‌ستووریانه‌یان هه‌ڵبژاردوه و یه‌ك هه‌نگاوی تاكلایه‌نه‌ی له‌م روه‌وه نه‌ناوه، به‌ڵام پێده‌چی ئه‌م دانبه‌خۆداگرتنه‌ش هه‌ر به‌هه‌ڵه خوێندرابێته‌وه، ئه‌گینا به‌چ مانایه‌ك باس له‌ته‌واوبونی یان نه‌مانی شه‌رعیه‌تی ده‌ستووری ماده‌ی 140ده‌كه‌ن؟؟؟ باشه ئه‌گه‌ر ماده‌ی 140یش كۆتایهاتبێت، كه‌سێكی ژیر هه‌یه له‌عیراقدا نه‌زانێت كه به‌درێژایی 50 ساڵی رابردو حكومه‌ته‌كانی عیراق هه‌وڵی سرینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و بوونی خاكێك به‌ناوی كوردستان ده‌ده‌ن؟؟ئه‌وه‌ی له‌كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا و دیاله و سه‌لاحه‌دین ده‌گوزه‌رێت هه‌مووی كاریگه‌ره سلبیه‌كانی جێبه‌جێنه‌كردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستووره و ره‌نگه عه‌ره‌به‌كانی ئه‌و ناوچانه پێش له‌كورد سوود له‌جێبه‌جێكردنی ماده‌ی ناوبراو وه‌ربگرن، له2003 وه تا ئێستا عیراق به‌گێژاوی یه‌كترقبوڵنه‌كردن تێده‌په‌رێت و نه‌زعه‌ی شۆفینیه‌ت چاوی زۆر له‌سیاسه‌توانانی عیراقی داپۆشیوه و هیچ به‌دیلێكیان بۆ ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌ی ئێستای وڵاته‌كه‌یان نیه، هه‌ر سیاسه‌توانێكی زیره‌ك و دڵسۆز كه مه‌به‌ستی بێت وڵاته‌كه‌ی سه‌قامگیر و یه‌كپارچه و گه‌له‌كه‌ی به‌خته‌وه‌ر و خۆشگوزه‌ران بێت، پێویسته ئه‌و راستیه بزانێت كه جێه‌جێكردنی ماده‌ی 140كلیلی كردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رگا داخراوه‌كانی به‌رده‌م سه‌قامگیری عیراقه، كورد مافی خۆیه‌تی له‌م بارودۆخه‌دا له‌هه‌موو لایه‌نه عیراقیه‌كان به‌گومان بێت، چونكه هه‌ست ده‌كات زۆربه‌یان به‌نیازن له‌جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140خۆیان بدزنه‌وه یان زۆر شه‌رمنانه باس له‌جێبه‌جێكردنی ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا كورد له‌كاتی روخانی رژێمی سه‌دامدا ده‌وڵه‌تێكی نیمچه‌سه‌ربه‌خۆ بوو، ده‌یتوانی ئه‌و بارودۆخه به‌كاربهێنێت و زۆر ده‌سكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌رحسابی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی عیراق مسۆگه‌ربكات، به‌ڵام له‌وه‌شدا كورد ئیجماعی نیشتمانی و پێكه‌وه‌ژیان و فیدرالیه‌تی هه‌ڵبژارد و چاوه‌رێی سوپاسگوزاری لایه‌نه‌عیراقیه‌كان و جێبه‌جێكردنی به‌په‌له‌ی ئه‌و ماده ده‌ستووریه‌ی ده‌كرد كه 80%ی خه‌ڵكی عیراق ده‌نگی بۆداوه، ئێستا خه‌ڵكی كوردستان به‌شه‌وقه‌وه چاوه‌رێی به‌رهه‌م و ئه‌نجامی ئه‌م سه‌ردانه‌ی دوایی سه‌رۆك بارزانیه بۆ ئه‌مریكا و ئه‌و گه‌ره‌نتیانه‌ی پێش ماوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌مریكیه‌كانه‌وه سه‌باره‌ت (به‌ناوچه دابڕێنراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان) به‌كورد درا، پێویسته چیتر سه‌یركردنی كۆی گشتی نه‌خشه‌ی عیراق له‌سه‌ر حسابی مافه‌كانی گه‌لی كورد نه‌بێت و پێویسته ئه‌مریكیه‌كان گه‌یشتبنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كورد جدیه له‌مه‌سه‌له‌ی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و به‌تایبه‌تیش ماده‌ی 140ی ئه‌و ده‌ستووره و جارێكی دیكه زوڵم و سته‌می هیچ رژێم و نه‌ته‌وه‌یه‌كی ناوچه‌كه قبوڵ ناكات و رێگه‌ش به‌گه‌رانه‌وه‌ی مه‌ركه‌زیه‌ت و دكتاتۆریه‌ت له‌عیراق نادرێت، ئه‌گینا هه‌روه‌ك سه‌رۆك بارزانی له‌كۆشكی سپی به‌سه‌رۆك ئۆبامای گوت:كورد به‌رپرسیار نابێت له‌ئه‌نجامی گه‌رانه‌وه‌ی دكتاتۆریه‌ت بۆ عیراق.
ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
|