| كابینه‌ی شه‌شه‌م چۆن ده‌توانێت سه‌ركه‌وتوو بێت؟ ... ئا: ستیڤان شه‌مزینانی |
|
|
| دیمــــــانـه | |||
| دووشەممە, 04 کانونی دووەم 2010 02:11 | |||
|
ستیڤان: كابینه‌ی پێنجه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تارادده‌یه‌كی زۆر كابینه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بوو. وه‌لێ ئه‌و كابینه‌یه دوای دابڕانێكی دوور و درێژیی دوو ئیداره‌كه‌ی كوردستان هات، به‌ڵام توانی پڕۆژه‌ی باشی هه‌بێ. ئێستا له‌قۆناغێكی نوێ‌دا كابینه‌ی شه‌شه‌م ده‌ستبه‌كار بووه، پێتوایه ده‌بێت كار و ئه‌جیندای ئه‌م كابینه‌یه چی بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ببێته كابینه‌یه‌كی نیشتمانیی و خزمه‌تگوزار؟. كاوه ئه‌مین – نووسه‌ر و چاودێری سیاسیی: وه‌ك ئێوه‌یش له‌پرسیاره‌كه‌تاندا دیاریتان كردووه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه له‌سه‌ر شێوه‌ی دوو ئیداره‌یی بنیاتنرا، چوونكه وه‌ك ده‌زانین ئه‌و حكوومه‌ته له‌لایه‌ن پارتی و یه‌كێتییه‌وه په‌نجا به‌په‌نجا دابه‌شكراو بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی ئه‌و دوو پارته‌و شه‌ڕی ناوخۆ وایكرد كه سلێمانی و هه‌ولێر به‌دوو ئاڕاسته‌ی جیاوازدا سیستمی حكومڕانی به‌ڕێوه‌به‌رن. دوای رووخانی رژێمی به‌عس هه‌لێكی باش بۆ پارتی و یه‌كێتی ره‌خسا دوو ئیداره‌كه بكه‌نه‌وه به‌یه‌ك، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك شت كرا به‌ڵام له‌پراكتیكدا ئێستایشی له‌گه‌ڵ دابێت نه‌توانراوه وه‌زاره‌تی دارایی، پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ به‌ته‌واوه‌تی یه‌كبخرێنه‌وه، ئه‌وه‌یش كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر داهاتووی حكوومه‌تی ئێستایش ده‌بێت، راگه‌یاندنی پارتی به‌ئاشكرا ده‌یانه‌وێت وا نیشان بده‌ن كه ئه‌م حكوومه‌ته‌ی ئێستایش درێژه‌پێده‌ری كابینه‌ی رابردووه، ئه‌وه‌یش هه‌ڵوێستێكی گونجاو و ریالیستیانه نییه‌و ته‌گه‌ره ده‌خاته به‌رده‌م كاره‌كانی كابینه‌ی شه‌شه‌م كه دكتۆر به‌رهه‌م سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات. له‌وڵاتانی پێشكه‌وتوو و دیموكراتیدا كاتێك حكوومه‌تێك ده‌ستبه‌كار ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت بودجه‌ی ساڵانه‌ی حكومه‌ت دیاری بكرێت. په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی دوو لایه‌نن گرنگییه‌كی زۆریان پێده‌درێت و بودجه‌ی باشیان بۆ دیاریده‌كرێت چونكه ئه‌و دوو لایه‌نه په‌یوه‌ندیی و كاریگه‌ریی راسته‌خۆیان له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگه ده‌بێت. ئارامی وئاسایشی هه‌ر وڵاتێك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌ره‌وپێچوونی وڵات هه‌یه، كابینه‌ی پێنجه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم له‌و بواره‌دا سه‌ركه‌وتنی باشی به‌دیهێنا، چوونكه به‌به‌روارد له‌گه‌ڵ عێراق ئه‌و سێ پارێزگایه‌ی كوردستان ئارامترین ناوچه بوون، سه‌رمایه‌دارانیش جا خۆماڵی بن یان بیانی ده‌یانه‌وێت له‌ژینگه‌یه‌كی وادا سه‌رمایه‌كانیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ پاره په‌یداكردن بۆ خۆیان و هاووڵاتیانیش به‌هره‌مه‌ند ده‌بن تێیدا. بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیانی باشووری كوردستان كابینه‌ی شه‌شه‌م به‌هی خۆیان بزانن و ئه‌وانیش بتوانن كاره‌كانیان به‌باشی به‌ڕێوه‌به‌رن ده‌بێت ده‌سته‌ڵاتی حزب له‌ناو حكوومه‌تدا كه‌مبكرێته‌وه، من ناڵێم با هه‌ر نه‌مێنێت چوونكه له‌وڵاتێكی وه‌كو كوردستاندا كه‌حزب و حكوومه‌ت ئاوێزانی یه‌كتر بوون، وه‌كو مام ده‌ڵێت "خه‌ونی شاعیرانه‌یه"، كاشكی وابوایه‌و له‌ڕاستیشدا ده‌بێت هه‌روایش بێت. كابینه‌ی شه‌شه‌م ده‌بێت، ریفۆرمێكی رادیكاڵانه له‌سیستێمی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵادا بكات، له‌هیچ وڵاتێكدا بنه‌ماكانی دیموكراتی تێیدا ره‌گیان داكوتابێ، زانستگه له‌ده‌ره‌وه‌ی حزبایه‌تیدایه، ئاخر ناوی خۆی به‌خۆیه‌وه‌یه‌تی، كاری ئه‌وان زانسته و په‌روه‌رده‌كردنی كادری زانستییه، من تائێستا نه‌مبیستووه زانستگه‌یه‌كی كوردستان دوكتۆرایه‌كی تێدا كرابێت كه بووبێته جێگای سه‌رنجی گۆڤار و رۆژنامه‌كانی جیهان جا چ بگاته زانستگه‌كانی جیهان و ته‌نانه‌ت ده‌وروبه‌ری كوردستانیش، ته‌نانه‌ت تائێستا دوو داڕشتنی زانستی كه دوو خوێندكاری كورد پێی هه‌ستابن له‌گۆڤارێك یان رۆژنامه‌یه‌كی كوردستاندا بڵاو نه‌كراونه‌ته‌وه‌و خرابێتنه پراكتیكه‌وه. باشه حكوومه‌ت ناپرسێت بۆ تائێستا چوار خوێندكار هه‌ڵنه‌ستان به‌تۆماركردنی ناوی ئه‌نفالكراوه‌كان و گونده كاولكراوه‌كانی كوردستان؟، ئێمه ده‌ڵێین چوار هه‌زار گوندمان كاولكراوه، خۆ ره‌نگه زیاتریش بێت به‌ڵام كوا بۆ دوو دوكتۆرا له‌سه‌ر بۆ نموونه شارباژێڕ یان شاره‌زوو و گه‌رمیان نه‌كران؟ سه‌د ساڵ پێش ئێستا بیانییه‌كان ناوی هه‌ندێك گوڵ و گژوگیای كوردستانیان تۆمار كردووه، ئه‌ی بۆ دوو كتێبی زانستی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو گوڵ و گژوگیاو دارودره‌خته‌ی كوردستان نه‌نووسران كه خوێندكاران و قوتابیان كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرن؟، له‌كوردستان كه‌ره‌سته‌و بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه هێنده زۆرن كه ده‌كرێت سه‌رنجی جیهان و ناوچه‌كه‌یان بۆ رابكێشرێت، به‌ڵام بۆ زانسته‌گاكان ئه‌و كاره ناكه‌ن، ئه‌وه‌یشی كه‌كراوه زیاتر كه‌سانێك كردوویانه وه‌كو ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی كردوویانه نه‌ك وه‌كو كارێكی ئاكادیمی. ئه‌مه له‌بواری ته‌ندروستیشیدا هه‌ر وایه، نه‌خۆشی ئێمه تا ئێستایش ده‌بێت رووبكه‌نه ئێران و ئوردون و شوێنانی دیكه. ئێمه شانازیی ده‌كه‌ین كه مرۆڤ له‌كوردستانه‌وه ده‌ستی به‌كشتووكاڵ كردووه‌و گوندی چه‌رموو باشترین نموونه‌یه، ئه‌ی بۆ ده‌بێت بۆ سه‌لكه پیازێك په‌نا بۆ ده‌ره‌وه به‌رین؟، ساڵانه به‌سه‌دان كه‌س به‌هۆی رووداوی ئۆتۆمۆبیله‌وه گیانیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن به‌هۆی خراپی رێگاوبانه‌وه. ژینگه‌ی كوردستان تابێت به‌ره‌وه خراپی ده‌ڕوات، ئێستا له‌جیهاندا ژینگه بووه‌ته خه‌مێكی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌ته‌كان، بۆیه كوردستانیش كه ژینگه‌یه‌كی جوانی هه‌یه به‌هۆی سرشتی جوگرافیاكه‌یه‌وه ده‌بێت كابینه‌ی شه‌شه‌م به‌جیددی كار له‌و بواره‌شدا بكات، دیاره هاووڵاتیانی كوردستانیش ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقیان ده‌كه‌وێته سه‌رشان له‌و بواره‌دا. من پێموایه ده‌بێت ئه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ره‌وه باسمكردن ببنه ئه‌جێندای كاروباری كابینه‌ی شه‌شه‌م و هه‌رچی زووتره پلانی كورت خایه‌ن و درێژخایه‌ن له‌ڕێگای كه‌سانی شاره‌زاو دڵسۆزه‌وه دابڕێژرێن و حكوومه‌ت ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنیان بكات، له‌هه‌موویشی گرنگتر ده‌بێت به‌رنامه‌ی كارا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاریی له‌كوردستاندا دابڕێژرێت، چوونكه به‌شێكی زۆری گرفته‌كانی خه‌ڵك له‌بێكارییه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات، بۆ نموونه نه‌خۆشی و به‌رزبوونه‌وه‌ی رادده‌ی تاوان و زۆر شتی دیكه. ئه‌وانه به‌شێكن له‌و كارانه‌ی كه كابینه‌ی شه‌شه‌م ده‌بێت بیانكات و به‌رنامه‌یان بۆ داڕێژێت ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ببێته كابینیه‌كی سه‌ركه‌وتوو و نیشتیمانی، هه‌ڵبه‌ت حكوومه‌ت ده‌بێت ئه‌وه‌یش بزانێت كه ئه‌وه ئه‌ركی سه‌رشانیانه‌و هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یشه خه‌ڵك ده‌نگی پێیان داوه، كابینه‌ی شه‌شه‌م كاتێكی زۆری له‌به‌رده‌مدایه تا نیشانی خۆمان و ده‌ره‌وه‌ی بدات كه به‌ڕاستی له‌خه‌می خه‌ڵكدان، دیاره ده‌بێت هه‌موو لایه‌كیش به ئۆپۆزیسیۆن و خه‌ڵكیشه‌وه هاوكاری حكوومه‌ت بن له‌كاره باشه‌كاندا، چوونكه كورد وته‌نی چه‌پڵه به‌ده‌ستێك لێنادرێ. ستیڤان: به‌شێك له‌چاودێرانی سیاسیی پێیانوایه كابینه‌ی شه‌شه‌م به‌هۆی ئه‌و ستراتیژ‌و پلانانه‌ی هه‌یه‌تی، توانای تێپه‌ڕاندنی به‌شێك له‌كێشه‌كانی كابینه‌كانی پێشووی هه‌یه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی به‌ئه‌زموون بۆیان ده‌ركه‌وتووه ده‌ستتێوه‌ردان له‌كاروباری حكوومه‌ت و سستی كاره‌كانی حكومه‌ت سه‌رئه‌نجام رووبه‌ڕووی سزای ده‌نگده‌رانیان ده‌كاته‌وه. پێتوایه به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌زموونی رابردوو دوو حزبه‌كه یارمه‌تی ئه‌جیندای كابینه‌ی شه‌شه‌م بده‌ن به‌مه‌به‌ستی سه‌ركه‌وتنی به‌رنامه‌كانی؟. نوری بێخاڵی – نووسه‌ر و رووناكبیر: ره‌نگه به‌م پێنج و دوو رۆژه سه‌ره‌تاییه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی شه‌شه‌م، كارێكی ئه‌سته‌م بێت مرۆڤ بڕیار له‌باره‌ی ئایینده‌ی كار و چالاكییه‌كانی كابینه‌كه‌و توانای بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یران و كێشه‌كانی پێشووی ئه‌زموونه‌كانی حوكمڕانی له‌كوردستاندا بدات. ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و كێشانه‌ی كه هه‌ن ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردیی به‌هه‌مان هه‌ناسه‌و جۆری بیركردنه‌وه‌ی سیاسیی رابردوو مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌كدا بكات، نه‌ك هه‌ر ئه‌و كابینه‌یه، بگره ده كابینه‌ی تریش بێن، ناتوانن ئه‌لفێك بۆ چاره‌سه‌رییه‌كانیان زیاد بكه‌ن، هه‌ر بۆ نموونه كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی وه‌ك (مادده‌ی 140، پێشمه‌رگه، بودجه، یاسای نه‌وت و غاز... ) . راسته له‌رووخساردا هه‌ست به‌وه ده‌كری كابینه‌ی نوی ده‌یه‌وی شتێكی جیاواز له‌ئه‌زموونه‌كانی پێش خۆی به‌ڵی، به‌ڵام چۆن و كه‌ی قسه‌كانی ده‌خاته واری كرداریی و چه‌ندی جێبه‌جی ده‌كات؟، ئه‌وه شتێكی تره، به‌تایبه‌تی هه‌ر نا، من وای ده‌بینم حزبی كوردیی هێشتاش زۆری ماوه ده‌ستبه‌رداری عه‌قڵی پاوانخوازیی و ویستی هه‌ژموونگه‌رایی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی خۆی بێت به‌سه‌ر كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا. راسته بۆ پارتی و یه‌كێتی به‌ئه‌زموون ده‌ركه‌وتووه، كه ده‌ستتێوه‌ردانی حزبیی له‌كاروباری حكوومه‌ت و قۆرخكردنی بازاڕه‌كانی سیاسه‌ت و نیشتمانپه‌روه‌ریی و سه‌رمایه له‌كوردستاندا، هۆكار گه‌لێكن له‌پشتی دابه‌زینی كێرڤی جه‌ماوه‌ریی بوونی ئه‌و دوو حزبه له‌هه‌ڵبژاردنی ته‌مووزی رابردوودا، به‌ڵام چه‌نده په‌ندیان لێی وه‌رگرتووه‌و تا چه‌ند ئاماده‌ی ئه‌وه‌ن به‌بڕواوه كار بۆ ئه‌وه بكه‌ن حكوومه‌ت كاری خۆی بكات، ئه‌وه شتێكی تره؟!. كۆی ئه‌و هاوكێشانه و گۆڕان له‌بونیادی بیركردنه‌وه‌و ستراتیژی كار له‌م كابینه‌یه‌شدا، په‌یوه‌سته به‌گۆڕین له‌عه‌قڵییه‌تی به‌ڕێوه‌بردن له‌ناو كایه‌ی سیاسیی كوردستاندا، به‌مانایه‌كی دی، كاتێك ده‌توانین بڵێین كابینه‌ی شه‌شه‌م، یان هه‌ر كابینه‌یه‌كی دوای ئه‌و ده‌توانن ئاسته‌نگه‌كان تێپه‌ڕێنن، كاتێك به‌جیددی بیر له‌گۆڕینی عه‌قڵییه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی سیاسیی بكرێته‌وه‌و هه‌نگاوی كرداره‌كی بۆ بنری، چوونكه گرفت له‌و كه‌س و رووخسارانه‌دا نییه، كه دواجار له‌دوای هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن دێنه سه‌ر شانۆی سیاسیی و حوكمڕانی، به‌ڵكو گرفت له‌كۆی سیستمه‌كه خۆیدایه. واته به‌بی گۆڕان له‌سیستمی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌ر له‌نوی پێناسه‌كردنه‌وه‌ی كایه‌و چه‌مكه‌كان و دابه‌شكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان، به‌بی په‌ڕینه‌وه له‌گووتاری ستالینیانه‌ی حزب و خه‌ڵك، سه‌ركرده‌و جه‌ماوه‌ر، بۆ گووتاری دیموكراسییانه‌ی حكوومه‌ت و هاووڵاتی، ئاسان نییه جارێكی تر به‌دروستی رایه‌ڵ و پرده‌كانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه دابڕێژرێنه‌وه. واته ئه‌و كاته‌ی كایه‌ی سیاسیی كه‌سه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ئینتمای ئایدیۆلۆژیی پۆلێن ناكات و سه‌ركرده‌كان وه‌ك جه‌ماوه‌ر (مێگه‌ل!) ناڕواننه خوار خۆیان و له‌سه‌رووی ئه‌و په‌یوه‌ندییه سواو و كلاسیكییه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كه ده‌بێته په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات و هاونیشتمانی، حكومه‌ت و هاووڵاتی، ئه‌و كاته سه‌ره‌تایه‌كی ته‌ندروست بۆ هه‌نگاونان و ئاشتبوونه‌وه‌و متمانه‌ی نێوان كایه‌كان ده‌ستپێده‌كات. به‌ڕای من ئه‌وه هه‌ر كاری ئه‌و دوو حزبه و سه‌ركردایه‌تییه‌كانیان نییه یارمه‌تی ئه‌جێندای كابینه‌كه بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌و پلان و به‌رنامه‌كانی سه‌ركه‌وتوو بن، به‌ڵكو به‌شێكی زۆری ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی خودی كاره‌كته‌ره‌كانی نێو كابینه‌كه خۆی، هه‌ر له‌به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بگره، تا ده‌گاته وه‌زیره به‌ڕێزه‌كان و ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان. بچووكبوونه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌و كاراكته‌رانه له‌به‌رده‌م نووسراوی به‌رپرسێكی حزبی و چاوسووركردنه‌وه‌ی كادێرێك و ملدان بۆ خواستی پاونخوازانه‌ی كاراكته‌ره‌كانی حزب، وا ده‌كات رسه‌كه سه‌ر له‌نوی ببێته‌وه به‌خوری، هه‌رنا له‌هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵاتی كابینه‌كه‌دا دوو سه‌ركرده‌ی سیاسیی هه‌ردوو حزبی باڵاده‌ست هه‌ن، ئه‌گه‌ر بیانه‌وی ده‌توانن ده‌سه‌ڵات و توانای خۆیان له‌هه‌مبه‌ر هه‌وڵی ده‌ستتێوه‌ردانی كادێره‌كانیان (جا له‌هه‌ر پۆست و ئۆرگانێكدابن) بكه‌نه قه‌ڵغان، چوونكه یه‌كێكیان جێگری سكرتێری حزبه‌كه‌ی خۆی و ئه‌وه‌ی تریان كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌ستڕۆیشتووی نێو حزبه‌كه‌یه‌تی، هه‌ردووكیشیان كه‌م تا زۆر خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و بڕیارن له‌ناو حزبه‌كانیاندا، به‌مه‌ش ده‌كری ئه‌و دوو به‌ڕێزه ببنه سه‌رمه‌شق و پێشه‌نگی كابینه‌كه‌یان. وه‌كوو تر دیوێكی دیكه‌ی به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌و هێزه‌ی ناوی له‌خۆی ناوه ئۆپۆزیسیۆن، چۆن؟. ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه بیه‌وی له‌گه‌ڵ په‌یام و به‌ڵێنه‌كانی راستگۆ بێت و رۆڵی ئه‌رێنی له‌سه‌ر خستنی كاره‌كانی حكوومه‌تدا ببینی، ده‌بی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و دونیابینییه ئایدیۆلۆژییه ته‌سكه‌ی خۆی بێت، كه به‌ئاشكرایی هه‌ستی پێده‌كرێت. روونتر بڵێین پێویسته ئه‌و هێزه‌ی خۆی ناو ناوه ئۆپۆزیسیۆن، ئاستی بیركردنه‌وه‌ی سیاسیی و ویستی ریفۆرمخوازیی ئه‌و هاوكێشه‌و بیركردنه‌وه ته‌سكه تێپه‌ڕێنی، كه ململانی ئایدیۆلۆژیی و حزبییه‌كانی خۆی له‌رقی نه‌یاره سیاسیی و حزبییه‌كانی بگوازێته ناو په‌رله‌مان و تێكه‌ڵ به‌گووتار و كاری حكوومه‌تی نه‌كات، راشكاوانه‌تر بڵێین له‌بری ریفۆرم، تۆڵه‌ی سیاسیی نه‌كاته میكانیزمی كاری ئۆپۆزیسیۆنی و په‌رله‌مان و حكوومه‌ت بۆ ئاستێكی بچووكتر له‌پێگه ده‌ستووریی و یاسایی و شه‌رعییه‌كانی بچووك نه‌كاته‌وه و تووڕه‌یی و تۆرانه‌كانی به‌رامبه‌ر حزب و سه‌ركرده‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌دا بڕژێنی، چوونكه ئه‌و شێوه‌یه‌ش له‌كاركردن و بیركردنه‌وه بوار بۆ به‌رامبه‌ره‌كان ده‌ڕه‌خسێنی سه‌نگ و هاوسه‌نگی سیاسیی و حزبییان پته‌وتر بكه‌ن، تا ئه‌وه‌ی ره‌نگه زۆرجار وه‌ك په‌رچه‌كردار په‌نا بۆ ده‌ستتێوه‌ردان ببه‌ن. واته ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆن به‌رۆڵی خۆی نه‌توانی ببێته فاكته‌ری سه‌قامگیریی سیاسیی و راگرتنی هاوسه‌نگی نێوان ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتیان و به‌رمه‌بنای میزاجی سیاسیی و ململانێی حزبی هه‌نگاو بنی زیان به‌پرۆسه‌كه به‌گشتیی ده‌گه‌یه‌نی. وه‌ك ده‌سپێك هه‌نگاوه‌كانی كابینه‌ی شه‌شه‌م باش دێنه به‌رچاو، سووربوون و بڕوابوونی كاراكته‌ره‌كانی كابینه‌كه‌ش به‌وه‌ی كه له‌وڵات و خواستی هاووڵاتیان به‌بی جیاوازیی سیاسیی و جوگرافی به‌خاوه‌ن ده‌ربكه‌ون و به‌جیددی له‌خه‌می جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و به‌رنامه‌ی كاریان دابن، سه‌نگی مه‌حه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئایینده‌دا به‌ویژدان و ریالیستانه و وردتر بڕیار له‌پرۆسه‌ی حوكمڕانی بده‌ین له‌وڵاتدا. وه‌ك له‌گووتاری سه‌ركرده‌ی هه‌ردوو حزبه‌كه ده‌رده‌كه‌وی پشتیوانی ته‌واویان بۆ حكوومه‌ت نیشانداوه، گرنگ له‌وێدایه گووتاره‌كه له‌ئاستی وتندا بگوازرێته‌وه بۆ ئاستی كرداره‌كی و شۆڕبكرێته‌وه به‌ناو كادێر و ئۆرگانه حزبییه‌كانیاندا، چوونكه به‌بی قووڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و پره‌نسیپانه له‌ناو ئۆرگان و كادێر و كاربه‌ده‌سته حزبییه‌كاندا و بوونی به‌سلوك و پابه‌ندبوونی مه‌بده‌ئیانه، ئه‌وا ئاسان نییه ری له‌ده‌ستتێوه‌ردان بگیری و دوور نییه سبه‌ی (به‌رپرسی رێكخراوێك، یان لێپرسراوی كه‌رتێك) خۆی به‌ریش سپی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌یه‌ك دابنی (پۆست و ئۆرگانه باڵاكانی تری حزبیش هه‌روا)، به‌وه‌ی گوایه حزب ئه‌و براده‌ره‌ی له‌و شوێنه داناوه‌و ده‌بی شوكرانه بژێری سه‌ده‌قه‌ی حزب بێت، ئه‌گینا له‌وی نه‌ده‌بوو. پێموایه هه‌ردوو حزبه‌كه و به‌رپرس و كادێره‌كانیان ده‌توانن نموونه‌یه‌كی زۆر جوانتر له‌پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رخستنی كاره‌كانی حكوومه‌تدا پێشكه‌ش بكه‌ن و رۆڵێكی ئه‌كتیڤ بگێڕن له‌ئاشتكردنه‌وه‌ی ده‌نگه تۆراوه‌كان، ئه‌ویش به‌ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت نا، به‌ڵكو له‌رێگه‌ی چاودێرییكردنی وردی كار و چالاكییه‌كانیان و ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكورتی و خه‌مساردیی و چه‌وت و چه‌وێڵی كاربه‌ده‌ست و دامه‌زراوه حكومییه‌كان، هه‌روه‌ها به‌پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ی شایسته له‌بواری خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ناوچه‌كانیان. ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌كری و سه‌ركرده‌كانیش ئه‌و رۆحییه‌ته شۆڕنه‌كه‌نه‌وه بۆ ئاسته‌كانی خواره‌وه‌ی حزب و لێپرسینه‌وه له‌به‌رپرسێكی حزبی نه‌كری، كه به‌میزاج ده‌ست ده‌خاته كاروباری حكوومه‌ت، یان خوانه‌خواسته ده‌ستدرێژیی ده‌كاته سه‌ر كاراكته‌رێكی حكوومه‌ت و یاسا پێشێل ده‌كات، ئاسان نییه بتوانین بڵێین كابینه‌ی نوی سه‌دا سه‌د سه‌ركه‌وتوو ده‌بی. به‌كوردیی و به‌كورتی كاتی حكوومه‌ت بووه موڵكی خه‌ڵك و له‌گووتاری حزب و سه‌ركرده‌دا چه‌مكی جه‌ماوه‌ر گۆڕدرا بۆ چه‌مكی هاووڵاتی و یاسا به‌بی جیاوازیی بۆ هه‌مووان سه‌روه‌ر بوو، ئه‌و ده‌م ده‌توانین بێژین، به‌ڵی حزبه‌كان راستگۆن له‌وه‌ی هاوكار ده‌بن و ده‌خواز حكوومه‌ت به‌دروستی كاره‌كانی راپه‌ڕێنی و له‌پڕۆژه‌و پلانه‌كانی سه‌ركه‌وتوو بێت، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ده‌ڵێین (ان الغد لناڤره لقریب!) . ستیڤان: به‌گوێره‌ی لێدوانه‌كان ئه‌جیندای كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت به‌سه‌رۆكایه‌تی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح بریتییه له‌كاركردن له‌بواری پڕۆژه‌ی گه‌وره و ستراتیژییدا، به‌پێی لێدوانی سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیكی سه‌رۆكی حكومه‌تیش، سه‌رۆك وه‌زیران خۆی سه‌رقاڵی پڕۆژه لاوه‌كییه‌كانی وه‌ك زه‌وی دابه‌شكردن ناكات به‌ڵكو به‌رنامه‌ی ستراتیژیی له‌به‌رده‌مدایه. به‌دیتنی ئێوه ئه‌م ئه‌جیندایه تا چه‌ند ده‌توانێت سه‌ركه‌وتنی كابینه‌كه مسۆگه‌ر بكات؟. پێتانوایه ده‌بێت چ كارێك له‌ئه‌وله‌ویاتدا بن وه‌ك به‌شێك له‌پڕۆژه‌ی ستراتیژیی كه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه جێبه‌جێ بكرێن؟. سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم – نووسه‌ر و چاودێری سیاسیی: من بۆ خۆم پڕۆژه‌ی ستراتیژیی به‌دوو ئاڕاسته ده‌بینم، هه‌رچه‌نده له‌كۆتاییدا هه‌ردوو ئاڕاسته‌كه تیكه‌ڵ به‌یه‌كده‌بنه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و واقیعه‌ی كه هه‌یه و تێگه‌یشتنمان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بمانه‌وی قسه له‌سه‌ر به‌رنامه‌و كاری كابینه‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م بكه‌ین، ده‌بێت به‌هه‌رسی رووه‌وه بێت، چ وه‌ك پڕۆژه‌ی ستراتیژیی یان ئه‌و پڕۆژانه‌ی په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆ و رۆژانه‌یان به‌كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، یان ئه‌و پڕۆژانه‌ی ره‌نگه هه‌ندی كه‌س پێیان لاوه‌كی بی، هه‌وڵده‌ده‌م له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیار و ته‌وه‌ره‌یه‌ی كردووتانه‌وه تیشك بخه‌مه سه‌ر به‌شێكی مه‌سه‌له‌كه. سه‌ره‌تا ده‌بێت هه‌موومان له‌وه بگه‌ین مه‌به‌ست له‌پڕۆژه‌ی ستراتیژیی چییه؟ ئه‌گه‌ر به‌ئامانجی بوونیادنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و دواتر قایمكردنی پێگه‌ی ده‌وڵه‌تیی سه‌یری بكه‌ین، ئه‌وه بێشك جێبه‌جێكردنیان له‌ئاینده‌دا وه‌ك سه‌روه‌رییه‌كی گه‌وره ته‌ماشا ده‌كری، هه‌رچه‌نده له‌ئێستادا به‌هۆی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی لێكتێنه‌گه‌یشتن و سیاسییه‌وه له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ریی، ره‌نگه وه‌ك سه‌ركه‌وتنێك بۆ كابینه‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م نه‌كه‌وێته‌وه، چوونكه تا ئه‌م ساته‌ش كۆمه‌ڵێك گرفتی گه‌وره هه‌ن كه ناكری له‌م قۆناغه‌ی كابینه‌ی شه‌شه‌مدا ئاوڕییان لێنه‌درێته‌وه، كێشه‌كانی ئاو، كاره‌با، نیشته‌جێبوون، كه سی كێشه‌ی درێژبووه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕینن و تائێستاش به‌شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر نه‌كراون بتوانین پشتی خۆمانی لێبكه‌ینه‌وه. بۆیه به‌تێگه‌یشتنی من ناكری پلان و ستراتیژییه‌تی ئه‌و كابینه‌یه له‌وه‌دا قه‌تیس بكری، ته‌نیا به‌ته‌نگ پڕۆژه‌ی ستراتیژییه‌وه بێت، ده‌كری هه‌موو پڕۆژه‌كان به‌و پڕۆژانه‌شه‌وه كه به‌لاوه‌كی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن به‌پلان و ئه‌قڵێكی ستراتیژییه‌وه دابڕێژرێن و جێبه‌جێبكرێن، له‌رابردوودا هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌ك فه‌رامۆش و وێران كراوه تا ئێستاش نه‌تواندراوه پشت له‌هه‌ندی پڕۆژه بكه‌ین، كه له‌زۆربه‌ی وڵاتاندا ده‌مێكه كۆتاییان به‌و جۆره پڕۆژانه هێناوه، بۆیه به‌هۆی بارۆخی سیاسیی و ئابووری و دواكه‌وتنی جێبه‌جێكردنی زۆربه‌ی پڕۆژه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستاندا به‌مانا سیاسییه‌كه‌یه‌وه وایكردووه كه‌متر بیر له‌پڕۆژه‌ی ستراتیژیی بكرێته‌وه. ره‌نگه زێده‌ڕۆیی تێدا نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم له‌كۆی نزیكه‌ی 180 گوند و قه‌زاو ناحییه‌ی ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی كه یه‌كێكه له‌ناوچه به‌رفراوانه‌كانی كوردستان، ته‌نیا چه‌ند ناوچه‌یه‌ك كاره‌بای نیشتمانی گه‌ێنراوه‌تی، شوێنه‌كانی دیكه تا ئه‌م كاته‌ش له‌رێگه‌ی مولیده‌وه كاره‌بایان بۆ دابینكراوه، تا ئێستاش نه‌توانراوه تۆڕی كاره‌بای كوردستان به‌شاری دهۆك ببه‌سترێته‌وه، ئه‌مه جگه له‌كێشه‌كانی دیكه‌ی وه‌كوو نیشته‌جێبوون و ئاو، ئه‌و دوو كێشه‌یه‌ش به‌شێوه‌ی جیاجیا له‌ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان بوونیان هه‌یه. من بۆیه ئه‌م سی پڕۆژه‌یه‌م به‌نموونه هێنایه‌وه، چوونكه ئه‌م سێیه‌یان په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆیان به‌ژیانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌یه، شتێك نییه تایبه‌ت بێت به‌توێژێكی دیاریكراو. ده‌كری ئه‌جیندای كار‌و به‌رنامه‌ی كابینه‌ی شه‌شه‌م به‌م شێوه‌یه بێت، له‌و پڕۆژانه‌وه ده‌ست پێبكات كه پێویستن و په‌یوه‌ندییان به‌هه‌موو چین و توێژێكه‌وه هه‌یه، ناكری له‌وڵاتێكدا كێشه‌ی نیشته‌جێبوون هه‌بێت، تۆ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌شتێكی لاوه‌كیی بزانی، ده‌كری له‌جیاتی دابه‌شكردنی زه‌وی كه له‌رابردوودا به‌هۆی نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی واقیعی نه‌بۆته هۆی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی نیشته‌جێبوون، به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی ستراتیژیی سه‌ركه‌وتوو دابنری بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی نیشته‌جێبوون. زۆرجار ئه‌نجامدانی هه‌ندی پڕۆژه‌ی ستراتیژی جگه له‌و ئامانجانه‌ی له‌سه‌ره‌تادا باسمكردن، له‌ئاینده‌دا ده‌بنه هۆكارێكی كاریگه‌ریش بۆ چاره‌سه‌ركردنی زۆر كێشه‌ی دیكه‌ی لاوه‌كی، ده‌كری بڵێن له‌جیاتی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت خۆی به‌هه‌ندی پڕۆژه‌ی ماوه كورتی كاتی خه‌ریك بكات باشتر وایه دووربینانه‌تر بڕوانێت، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ته‌مه‌ندرێژیی و سه‌ركه‌وتوویی ستراتیژی پڕۆژه‌كان، كه له‌رابردوودا به‌هۆی نه‌بوونی پلانی ستراتیژیی پاره‌یه‌كی زۆر به‌هه‌ده‌ر دراوه. دوای چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی رۆژانه رووبه‌ڕووی هاووڵاتیان ده‌بنه‌وه، پێداچوونه‌وه‌و رێكخستنی هه‌یكه‌لی ئیداریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ئه‌ركێكی هه‌ره له‌پێش و گرنگی ئه‌و كابینه‌یه‌ی ده‌زانم، چونكه خراپی هه‌یكه‌لی ئیداریی یه‌كێكه له‌هۆكاره‌كانی بێزاركردنی هاووڵاتیان و ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی، له‌كوێی دونیا هه‌یه تۆ واسیته بكه‌یت بۆ دانی پاره‌ی كاره‌باو ئاو، تا ئه‌وكاته‌ی نه‌توانری ده‌زگاكانی حكوومه‌ت له‌چوارچێوه‌ی سیستمێكی سه‌رده‌مییانه رێكبخرێته‌وه، ناتوانری ری له‌ته‌شه‌نكردنی گه‌نده‌ڵی بگیری كه له‌ئێستادا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه یه‌كێكه له‌و كێشانه‌ی به‌رده‌وام قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كری و له‌سه‌ر ئاستی دونیاشدا مه‌سه‌له‌یه‌كه به‌وردیی چاودێریی ده‌كری و ساڵانه‌ش راپۆرتی تایبه‌ت له‌مه‌ڕ ریزبه‌ندیی ئه‌و وڵاتانه‌ی گه‌نده‌ڵی تێدا به‌ربڵاوه بڵاوده‌كرێته‌وه، په‌یوه‌ندیی سیستم و هه‌یكه‌لی ئیداریش به‌ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی له‌وه‌دا ده‌بینمه‌وه كه به‌هۆی ئه‌و واقیعه سیاسییه‌ی كوردستانی پێدا هاتووه تائێستا نه‌توانراوه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی ده‌زگای موئه‌سه‌ساتی رێكبخرێته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئاسانكارییه‌كی به‌رچاو بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی و ئه‌نجامدانی ده‌یان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی سه‌قه‌ت، گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌كانی گه‌نده‌ڵیش له‌هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وه‌یه كه خه‌ریكه راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ، به‌ئاگایی و بی ئاگایی، هه‌موومان ده‌خزێینه نێو گه‌نده‌ڵی، له‌وه‌شدا حكوومه‌ت به‌رپرسی یه‌كه‌مه، دواخستنی خۆ رێكخستنه‌وه له‌داهاتوودا كاریگه‌ریی زۆر خراپی ده‌بێت له‌وه‌ی هاووڵاتیان هه‌ست به‌و پڕۆژانه‌ش نه‌كه‌ن كه رۆژانه جێبه‌جێ ده‌كرێن، بۆیه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به‌یه‌كی له‌به‌رنامه سه‌ره‌كییه‌كانی كابینه‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م ده‌زانم، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م هاووڵاتیان وه‌ك خۆی چاویان پڕۆژه‌كان ببینی هه‌م حكومه‌ت له ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كان سه‌ركه‌وتوو بێت. پڕۆژه‌ی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی رابردوودا یه‌كێك بوو له‌پڕۆژه ستراتیژییه‌كانی كابینه‌ی پێنجه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌یت له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌رییدا ئه‌و ره‌نگدانه‌وه و كاریگه‌رییه‌كی نه‌بووه كه وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ته‌ماشا بكرێت، نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ریی، له‌نێو خودی رۆشنبیرانیشدا پێشوازییه‌كی ئه‌وتۆی لێنه‌كرا، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان خرایه به‌ر ره‌خنه‌و توانج لێگرتن، كه هه‌موومان ده‌زانین هۆكاره‌كان چین، ده‌كری بڵێین زۆرجار پڕۆژه‌ی ستراتیژیی له‌كاتی خۆیدا نابێته هۆی دڵخۆشی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، به‌ڵكو كاریگه‌ریی و ستراتیژییه‌كه‌ی له‌داهاتووی دووردا ده‌رده‌كه‌وێت. زۆر جاریش ئاستی تێگه‌یشتن و وشیاریی كۆمه‌ڵگاش كاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رنامه‌و پلانی حكومه‌ت، ده‌بینین هه‌ندی جار حكومه‌ت به‌ناچاریی ده‌كه‌وێته دوای ویست و داخوازییه‌كانی خه‌ڵك، چوونكه له‌سیستمی دیموكراسیدا ناكری گوی له‌و جۆره داخوازییانه‌ش نه‌گیری ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كان ستراتیژیی و زۆر گرنگیش نه‌بن، من بۆ خۆم شایه‌تی چه‌ند حاڵه‌تێكی له‌و جۆره‌م، زۆرجار هاووڵاتی چاوی دروستكردنی باخچه‌یه‌ك ده‌بینی، دڵیشی پێخۆشه و ده‌سته‌خۆشانه‌ش له‌حكومه‌ت ده‌كات، له‌كاتێكدا پێویستی تری له‌پێشتر هه‌یه بكرێت، به‌ڵام چاوی پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژیی نابینی چه‌نده گرنگیش بێت. بۆیه له‌وڵاتێكی وه‌ك هه‌رێمی كوردستاندا كه زۆربه‌ی شاره‌زایان پێیانوایه به‌قۆناغی گواستنه‌وه‌دا تێده‌په‌ڕێت، تائێستا ده‌زگاكان سیستماتیك نه‌كراون ململانێی حزبی بۆ زیاتر كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ كاتی هه‌ڵبژاردن كۆتایی نه‌هاتووه، ده‌یان كار كراوه پێویسته چاویان پێدا بخشێنرێته‌وه، موزایه‌ده‌كردن به‌سه‌ر یه‌كه‌وه به‌رده‌وامه، به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كان زاڵن به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه گشتیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان. بۆیه كاركردن بۆ هه‌موواركردن و چاككردنی ئه‌و بارودۆخه هه‌روا ئاسان نییه، به‌هه‌زارن فه‌رمانبه‌ری زیاد له‌پێویست له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه ناتواندری چاره‌سه‌ر بكری، تا ئێستا نه‌توانراوه رێگری ته‌واو له‌زێده‌ڕۆیی بكرێت، ده‌یان پڕۆژه جێبه‌جێكراون به‌نیوه‌چڵی و سه‌قه‌تی ئه‌نجامدراون، بوودجه‌ی كوردستان رۆشه‌ن نییه، گه‌نده‌ڵی هه‌یه، حكومه‌ت وه‌ك لایه‌نی جێبه‌جێكار ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا نییه. له‌په‌ڕاوێزی هه‌موو ئه‌و كه‌موكوڕیی و قسه‌و باسانه‌دا باشترین پڕۆژه له‌رووی ستراتیژییه‌وه ئه‌وه‌یه دكتۆر به‌رهه‌م وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی به‌پینه‌و په‌ڕۆ و چاكسازیی رووكه‌شی سه‌رقاڵ نه‌كات، خۆی به‌شتێكه‌وه سه‌رقاڵ نه‌كات ده‌ستلێدانی زیانی له‌قازانج زیاتر بێت، ئه‌گه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌نموونه وه‌ربگرین، هه‌موومان ده‌زانین په‌رچه‌كرداره‌كان چی ده‌بن و چ جۆره ناڕه‌زایه‌تییه‌ك دروست ده‌بێت، كاتێك په‌نا ده‌برێته به‌ر تێكدانی زێده‌ڕۆییه‌كان هه‌موومان ده‌بینین كاریگه‌رییه‌كانی چین؟، بۆیه باشتروایه بۆ رێكخستنه‌وه‌ی حكوومه‌ت و باشتر پڕژانه سه‌ر پڕۆژه ستراتیژییه‌كان لێره‌وه ده‌ست پێبكری، ده‌ست له‌رابردوو نه‌دری. ستیڤان: تێبینی ده‌كرێ كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی د. به‌رهه‌م ساڵح، كابینه‌یه‌كی تارادده‌یه‌ك به‌هێزه به‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ته‌كنۆكرات و خاوه‌ن توانای ئیداره وه‌ك وه‌زیر تێیدا ده‌ستبه‌كار بوون. به‌بۆچوونی ئێوه به‌هۆی بوونی ئه‌و ژماره كه‌سایه‌تیی و شاره‌زایه‌ی له‌كابینه‌ی شه‌شه‌می حكوومه‌تدا پۆستی باڵایان هه‌یه فۆرمی كاركردنی حكومه‌ت به‌ره‌و باشتربوون ناڕوات؟ ئایا ئه‌وه چه‌ند ده‌توانێت یارمه‌تی سه‌ركه‌وتنی كابینه‌كه بدات؟. نه‌وزادی موهه‌ندیس–نووسه‌ر و چاودێری سیاسیی: سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌و راستییه بزانین كه هه‌موو حكوومه‌تێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت گه‌ر سیستمه گشتییه ئیداریی و دارایی و سیاسییه‌كه‌ی سیستمێك بێت له‌سه‌ر بنه‌مای زانستیی دامه‌زرابێت و فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانییه‌كه‌شی له‌سه‌ر بنه‌ماكانی (دیموكراسی و شه‌فافییه‌ت و ئازادییه‌كان) داڕشتبێت و كار به‌تێزی (به‌داموده‌زگایكردنی) ده‌سه‌ڵاته‌كه بكات و تاكتیك و ستراتیژێكی روون و ئاشكرای كاركردنیشی بۆ خۆی هه‌بێت. له‌ته‌مه‌نی 19 ساڵه‌ی حومكڕانی كوردییدا، به‌داخه‌وه تاكو ئێستا كار نه‌كراوه بۆ سیستماتیككردن و به‌داموده‌زگایكردنی جومگه‌و ئۆرگانه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر بۆیه‌ش نه‌پلانێكی زانستی هه‌یه بۆ كار وپڕۆژه‌كان و نه تاكتیك و ستراتیژێكی روونیش هه‌یه، نه‌جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حزب له‌حكوومه‌ت هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا دیارده دزێوه‌كانی رۆتینی زیانبه‌خش و گه‌نده‌ڵی ئیداریی و دارایی و مه‌حسوبییه‌ت و مه‌نسوبییه‌ت ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌و هه‌موو ئه‌م هۆكاره نێگه‌تیڤانه بوونه‌ته هۆكاری نه‌چه‌سپاندنی پایه به‌هێزه‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته وجێگیر نه‌بوونی و لاوازیی و پێشنه‌كه‌وتنی. هۆكاره‌كانی ئه‌م سستی و لاوازییه گه‌لێكن، به‌ڵام له‌پێش هه‌مووانیانه‌وه بریتییه له‌هه‌یمه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حزب و رابه‌ر و سه‌ركرده‌كان به‌سه‌ر سه‌رتاپای جومگه‌و ئۆرگان وبڕیاره‌كانی حكوومه‌ته‌وه. به‌شێوه‌یه‌ك كه نه‌سه‌ره‌ك وه‌زیر و نه هیچ وه‌زیرێكیش ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی بڕیاردان و پلاندانانی حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كانی خۆشیان هه‌یه و له‌كاتی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتیشدا حكومه‌ت ناتوانێت كاروباره‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی رابپه‌ڕێنێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م هۆكارانه‌شدا هۆكارێكی تری سه‌پێنراو به‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كوردییه‌دا بریتییه له‌بوونی سیاسه‌تێكی دوژمنانه له‌لایه‌نی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه به‌ئێستاشه‌وه وه‌ك) كێشه‌كانی بودجه و نه‌وت و گاز و هێزی پێشمه‌رگه و مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و.. هتد) . له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ده‌رو جیرانیشدا كه زۆر جاران بوونه‌ته هۆی دروستكردنی كێشه و گرفتی گه‌وره‌ی سیاسیی و ئابووری و دارایی و سه‌ربازیی و.. هتد. بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌په‌رژێته سه‌ر راپه‌ڕاندن و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانی خۆی بۆ زیاتر ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانی و نه‌هێشتنی بێكاریی و بووژاندنه‌وه‌ی بازاڕ و بازرگانی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێنده‌واریی و ته‌ندروستی و بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریی. به‌ڵام له‌ئێستادا و خۆشبه‌ختانه و دوای رووخاندنی رژێمی به‌عسی سه‌ددامی له‌ساڵی 2003دا و هه‌ڵبژاردنی دوو خولی په‌رله‌مانی و پێكهێنانی كابینه‌ی پێنجه‌م و شه‌شه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌هۆی دابینكردنی رێژه‌ی 17% داهاتی عێراق بۆ كوردستان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی گه‌وره‌ی دارایی نه‌ماوه‌و كێشه‌ی كه‌سانی پسپۆڕ و ته‌كنۆكراتیشی نییه. به‌هه‌زاران كادری ئیداریی ودارایی و زانستی و یاسایی له‌حكوومه‌تی هه‌رێمدا هه‌ن، به‌ڵام لێره‌شدا به‌داخه‌وه هه‌ڵبژاردنی كه‌سه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی و توانا و لێهاتوویی و دڵسۆزیی و ئه‌مانه‌ت و نه‌زاهه‌ته‌وه نییه، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌حسوبییه‌ت و مه‌نسوبییه‌ت و خزمخزمێنه و براده‌رایه‌تی و سه‌پاندنی حزبییه‌وه دێت. كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی نه‌گه‌تیڤی ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتن یان سه‌رنه‌كه‌وتنی كابینه‌كه له‌كاره‌كانیدا. مایه‌ی خۆشحاڵییه له‌م كابینه‌یه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمدا به‌سه‌رۆكایه‌تی د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح كه له19 وه‌زاره‌ت پێكهاتووه كه 16 وه‌زیریان ده‌رچووی كۆلێژه جیاوازه‌كانی (پزیشكی و ئه‌ندازیاریی و یاسا و زانسته‌كان) ن و دووانیشیان ده‌رچووی ئاماده‌یین و یه‌ك وه‌زیریشیان ده‌رچووی ناوه‌ندییه. به‌م شێوه‌یه تاڕادده‌یه‌كی زۆریش زۆربه‌یان شاره‌زاییان له‌كاری حكوومه‌ت و ئیداره‌دا هه‌یه‌و خاوه‌ن ئه‌زموونن. به‌م شێوه‌یه ده‌توانرێت بووترێت كه كابینه‌یه‌كی ته‌كنۆكراته و ده‌توانرێت له‌بڕیار و به‌رنامه و كاریاندا زانستیانه هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و بتوانن كار و پڕۆژه‌ی گه‌وره‌و پێشكه‌وتوو جێبه‌جێبكه‌ن و ئه‌م كابینه‌ی حكوومه‌ته بكه‌نه كابینه‌یه‌كی پڕ به‌رهه‌م و خزمه‌تگوزار و بازدانێكی گه‌وره بده‌ن به‌ڕه‌وتی پێشكه‌وتن و داهێنانه‌كان، كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریش به‌ره‌و قۆناغێكی باڵاتر و گه‌شه‌كردوو له‌هه‌موو بواره‌كاندا به‌رن و هه‌نگاو گه‌لێكی عه‌مه‌لی و جیددی هه‌ڵبنێن له‌نه‌مانی گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافییه‌ت و دیارده دزێوه‌كانی تردا و بتوانن ببنه جێگه‌ی ره‌زامه‌ندیی هاووڵاتیان به‌دابینكردنی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی (ئاو و كاره‌باو سووته‌مه‌نی و رێگاوبان و پرد) و به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌نجامدانی پڕۆژه ئاوه‌دانی وخزمه‌تگوزارییه‌كان له‌هه‌موو بواره‌كانی پیشه‌سازیی و كشتوكاڵی و نیشته‌جێبوون و بازرگانی و گه‌شتوگوزار و بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و بازاڕ. به‌مه‌ش ده‌توانن دیارده‌ی بێكاریی كه‌م بكه‌نه‌وه و كاریش بكه‌ن بۆ به‌رزكردنه‌وه و باشتركردنی بواری په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و ته‌ندروستی و وه‌رزش و لاوان و هه‌وڵیش بده‌ن كه پڕۆژه‌ی گه‌وره‌و كاریگه‌ر و ستراتیژیی جێبه‌جێ بكه‌ن له‌بواری نه‌وت و سامانه سروشتییه‌كانیشدا. به‌م شێوه‌یه ئه‌م كابینه‌یه له‌ڕووی دارایی و توانای مرۆییه‌وه (زانستییه‌وه) تا رادده‌یه‌كی زۆر بێ كێشه‌یه، به‌ڵام له‌پێشدا ده‌بێت كاربكرێت بۆ چاكسازیی و ریفۆرم له‌سیستمه گشتییه‌كه‌دا و كار له‌سه‌ر بنه‌مای (موئه‌سه‌ساتی) بكرێت نه‌ك مه‌زاجی كه‌سه‌كان و بیر و به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌ركرده‌و حزبه‌كان. ئه‌م كابینه‌یه چه‌نده بتوانێت ببێته خزمه‌تگوزاری جه‌ماوه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، چوونكه لێڕازیبوونی جه‌ماوه‌ر مایه‌ی مانه‌وه و به‌رده‌وامبوونی حكوومه‌ته‌و سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌ته‌كانیشێتی. له‌كۆتاییدا خوازیارم ئه‌م حكوومه‌ته بتوانێت سه‌ركه‌وتوو بێت و سه‌رتاپای كارنامه‌كه‌ی خۆی جێبه‌جێ بكات. چوونكه سه‌رۆكی حكوومه‌ته‌كه ئه‌زموونی دووجار سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی هه‌یه‌و بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌چوار ساڵیش جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بووه و چه‌ند پۆستێكی وه‌زاریی تری عێراقیشی وه‌رگرتووه. Shamzini79@hotmail. com ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
|
بۆ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ له ناوه‌وه‌ی کوردستان: 07707681213 بۆ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان : 009647707681213 Omar Faris Aziz، Berprsî Kurdistan Net Copyright © 1999-2009 Kurdistan Nêt، All rights reserved ئێمه وه‌ك کوردستان نێت به‌کارهێنانی ناوی خوازراو له نووسیندا که ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵات بکرێت و به به‌ڵگه‌وه، گه‌نده‌ڵی و دزی به‌رپرسه گه‌وره‌کان ئاشکرا بکات به کارێکی دروست ده‌زانین، هه‌میشه وه‌ك پرنسیپی کاری ڕۆژنامه‌وانی سه‌رچاوه‌که‌ی لای ئێمه پارێزراو ده‌بێت. هه‌روه‌ها نووسینی سکاڵای زوڵملێکراو و کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌ر خاوه‌نه‌که‌ی نه‌یه‌وێت ناوی خۆی ئاشکرا بکات، مافی خۆیه‌تی به‌ڵام، ده‌بێت ئێمه وه‌ك بڵاوکه‌ره‌وه‌ی کێشه‌که‌ی ناو ناونیشانی ڕاستی نوو‌سه‌ره‌که‌ی بزانیین و به‌رپرسیارێتی پاراستنی زانیارییه‌کانی هه‌ڵده‌گرین. به‌کارهێنانی ناوی خوازراو له نووسیندا دژی تاکه که‌س و خه‌ڵکی ئاسایی، که به ناو و ڕه‌سمی خۆیه‌وه بابه‌ت ده‌نووسێت، به هیچ شێوه‌یه‌ک قبوڵ نییه، وه‌ك کورد ده‌ڵێت (که‌و ئه‌و که‌وه‌یه به‌ره‌وڕووی که‌و بخوێنێت). ئه‌گه‌ر له‌مه‌وپێش که‌مته‌رخه‌میمان له‌م بڕیاره‌ماندا کردبێت داوای لێبووردن ده‌که‌ین. کوردستان نێت..6-6-2007 |