حاکم قادر: وەک یەکێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە هۆکارێکی پاراستنی قەوارەی هەرێم دەزانین

پێویستە لایەنە سیاسیەكان ململانێكان وەلابنێن و خۆیان بە
دووربگرن لە ھەموو جۆرە تەخوینێك لە سوشیاڵمیدیا و تیڤییەكان

حاکم قادر حەمەجان لە پەیامێکدا ڕایدەگەیەنێت کە پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی بڕیارلێدراویدا بەڕێوەبچێت و تێبینی و سەرنجەکانیش بەپێی یاسا و بە ڕێککەوتن چارەسەر بکرێت.

حاکم قادر حەمەجان، لەسەر دوا پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێم ڕایگەیاند، وەك یەكێتی پێمانوایە سەرەڕایی ئەوەی ھەڵبژاردن یەكێكە لە بنەماكانی دیموكراسی، ھۆكاریشە بۆ زامنكردن و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی كوردستان، بەمەرجێك ھەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بێت و دووربێت لە ھەموو جۆرە دەستێوەردانێك، چونكە دامەزراوەكانی ھەرێم شەرعیەت وەردەگرنەوە و دوردەبن لە بۆشایی یاسایی و كارگێری، بۆیە پێویستە ئەو وادەیەی دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت و سەرجەم لایەنەكان بگەنە ڕێكکەوتن تا ڕەخنە و سەرنج و تێبینیەكان بڕەوێنرێتەوە.

حاکم قادر وەک هەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و یەکگرتووی لایەنە سیاسییەکان و گەلی كوردستان دەکاتەوە و دەڵێت، قۆناغەكە وا دەخوازێت سەرجەم لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان و گەلی كوردستان یەكگرتو و یەكریزبن تا زامنی سەركەوتنمان بكەین دژ بە ھەموو پیلانێكی دوژمنكارانە كە دژی نەتەوەكەمان ئەنجام دەدرێت، ھەروەھا پێویستە ململانێكان وەلابنێن و خۆیان بە دووربگرن لە ھەموو جۆرە تەخوێنێك لە سوشیاڵمیدیا و تیڤییەكان و لەبری ئەوە پێویستە بە زوترین كات كۆببنەوە و بگەنە ڕێكەوتن لەسەر پاكێجێكی ھاوبەشی نیشتیمانی و ستراتیژی، تا ڕووبەڕووی ھەموو ئەو ئالنگاریانە ببنەوە كە لە ئێستا و لە داھاتوودا ڕوودەدەن، تا بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەتەکەمان پارێزراو بێت.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu