گاری ستیڤنسن لە گەڕەکێکی هەژارنشینی ڕۆژهەڵاتی لەندەنەوە (ئیلفرد) باسی فراوانی قڵشتی چینایەتی ئەکات …. عامر سابیر

پێش ئەوەی باسی گاری بکەم، حەزئەکەم باسی قسەیەکی یانس ڤارۆفاکیس کە هەڵسوڕاوێکی سیاسی چەپ و ئیکۆنۆمیستێکی یۆنانییە، بکەم. ئەو باوەڕی وایە کە ئەو قسەیەی ڕۆزا لۆکسەمبێرگ، کە وتبووی "سۆشیالیزم یان بەربەرییەت"، ئێستا هاتۆتە دی و ئێمە لە ئێستادا لە بەربەرییەتدا ئەژین. یانس لە دوا کتێبیدا بەناوی (تیکنۆفیودالیزم) باسی ئەم گۆڕانکارییە و سەرمایەی هەور (کڵاود کەپیتاڵ) ئەکات کە ئەمریکا و چین داگیریان کردووە. یانس باوەڕی وایە کە سەرمایەداری جیهانی گۆڕاوە بە تیکنۆفیودالیزم. ئەڵێ ئەوروپا تەواوبووە، چونکە خاوەنی کڵاود کەپیتاڵ نییە، ئەڵێ بەم هۆیەوەیە کە ئەمازۆن تەنها لە ئەوروپادا لە ساڵی 2023دا بە دەیان بلیۆن دۆلار قازانجی کۆکردۆتەوە بەبێ ئەوەی یەک سێنت باج بدات. یانس کە خۆی بە مارکسی وەسف ئەکات. باوەڕی وایە کەئەمەی ئێستا هەیە سیستەمێکی نوێی ئابورییە و چیتر سەرمایەداری نییە و بە توندیش بەرگری لەم بۆچوونەی خۆی ئەکات و هۆکارەکانی باس ئەکات. 

 

یانیس ئەڵێ لە ساڵی 2008ەوە تا ئێستا بانقی ناوەندی وڵاتانی (جی 7) 35 تریلیۆن دۆلاریان خستۆتە سیستەمەکەوە و بەشی هەرە زۆری ئەم پارانەش چۆتە گیرفانی سەرمایەدارە هەرە گەورەکانەوە. هەرچەندە ئەو قسەیەی یانس زۆر ڕاستە کە لە 20 ساڵی ڕابردوودا قڵشتی چینایەتی گەیشتۆتە ترۆپکی و بەردەوامیش لە فراوانبوونەوەدایە، وە ئەو وەسفەی بۆ پێگەی کڵاود کەپیتاڵ ئەیکات دروستە، بەڵام ئەمە و هەموو نەهامەتییەکانی ئەم سەردەمە بەرهەمی هەبوونی ئەم سیستەمە ئابوریییەیە کە سەرمایەداریییە و ئەوەی کە بۆتە بەربەریزمیش، هەر میکانیزمەکانی سیستەمی سەرمایەدارییە کە وای کردووە بەم جۆرە بەربەرییەتی لێ ببارێ. 

 

گاری ستیڤنسن، لە خانەوادەیەکی هەژار و کوڕی کرێکارێکی پۆستەچییە. ئەو هەرچەندە لە قۆناغی ناوەندی بەهۆی ئەوەی دوو گرام دەرمانی پێگیرابوو، لە قوتابخانە  دەرکرابوو، بەڵام توانی بچێتە زانکۆی (ئێڵ ئێس ئی-لەندەن سکوڵ ئۆف ئیکۆنۆمیکس) و لەوێ لە گەڵ کوڕ و کچی بلوێنەرە ڕوسی و عەرەب و چنییەکاندا بخوێنێ. ئەڵێ بە بەراورد بەوان کە خاوەنی پرۆفایل و ڕیزیومی درێژ بوونە، وتومە هەرگیز ناتوانم ئیشم دەستبکەوی. گاری هاوڕێیەکی ئاگاداری ئەکاتەوە کە ستی بانک هەر ساڵی کەسێک وەرئەگرن ئەگەر بتوانێ لە پێشبڕکێی یارییەکی کارت و تاقیکردنەوەیەکی ماتماتیکدا دەربچێت. گاری ئەڵێ بەهۆی ئەوەی لە یاریی کارت و ماتماتیک باش بوومە، چوم تەقدیمم کرد و بەشداری پێشبرکێکە بووە و بردویەتییەوە و ستی بانک ئیشیان پێ داوە. گاری لە تەمەنی 21 ساڵیدا لە 2008 تا 2014 لەگەڵ ئەو بانکە ئیش ئەکات و ئەبێت بە ملوێنێر و خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار. لە 2011دا بە سەرکەوتووترین (ترەیدەر) لە ئاستی دنیادا ئەناسرێ. گاری ئەڵێ بەهۆی ئەوەی ئیکۆنۆمیستەکان زۆربەیان لە خێزانە دەوڵەمەندەکانن و ئاگایان لە ژیانی خەڵکی ئاسایی نییە، بۆیە لە 2008ەوە هەموو ئەو پێشبینیانەی ئەیانکرد کە گوایە وەزعی ئابوری لە ساڵی داهاتوودا بەرەوباشتر ئەچێ، کەچی بەردەوام پێشبیینییەکانیان هەڵە دەرئەچوو. گاری شانازی بەوەوە ئەکات کە بەردەوام پێشبیینییەکانی خۆی ڕاست دەرچووە. لە 2011دا گاری بە پێچەوانەی هەموو ئیکۆنۆمیستەکانی ستی بانک ئەڵێ وەزعەکە نەک باشتر نابێ، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە قڵشتی چینایەتی فراوانتر ئەبێتەوە و دەوڵەمەندەکان سەرمایەکانیان زیاتر ئەکات و هەژارەکان هەژارتر و چینی مام نادەندیش بەرەو هەژاری ڕۆدەچن.  ئەو لە ستی بانک لە ڕێگەی دانی قەرزی کورت ماوە بە خەڵکییەوە، قازانجێکی زۆرباش بۆ بانک و پاشانیش بۆ خۆی پەیدا ئەکات. گاری لە 2008دا ئیش وەرئەگرێ، لەو ساڵەی کە سیستەمی سەرمایەداری تووشی قەیرانێکی قوڵ ئەبێت و بانکەکان هەرەس دێنن و حکومەتەکانی سەرمایەداران بە هانایانەوە ئەچن وبەبیانوی پاراستنی کەرتی داراییەوە، بە سەدان بلیۆن دۆلار ئەدرێ بە بانقەکان و ئەخرێتە خزمەتیانەوە. 

 

گاری کە پاشتر ئەچێتە ئۆکسفۆرد و لەوێش ئابوری ئەخوێنێ، ئەڵی ئەوەی لە زانکۆکاندا ئەخوێندرێ لە سەر ئابوری، هیچ ڕەنگدانەوەی ئەو واقعەتە نییە کە ئەبیندرێ و بە هیچ شێوەیەک باسی نایەکسانی و دابەشکردنی داهات لە کیروکیلەمی خوێندنی زانکۆکاندا نییە. گاری ئێستا هەڵسوڕاوێکی چالاکە لە دژی نایەکسانی ئابوری و بەشداری ئەو کەمپینەیە کە لە دژی فراوانبوونەوەی قڵشتی چینایەتی بەڕێخراوە.   

 

بە پێچەوانەی ئوسترالیاوە لە بەریتانیا بەکارهێنانی وشەکان و شێوازی قسەکردنی هەژاران و چینی کرێکار زۆر جیاوازە لە شێوازی قسەکردنی چینی بۆرژوازی. گاری بە زمانی زەحمەتکێشان و بەشێوەیەکی سادە، شەرحی ئەو قڵشتە چینایەتییە ئەکات کە لە 2008ەوە، وە بە تایبەت لە کاتی کۆرۆناوە خوڵقاوە. گاری بە زمانە سادەکەی تەجرەبەی خۆی و ئەوەی بینیوێتی وئەوەی پێشبینی ئەکات  ئەگێڕێتەوە و شیدەکاتەوە و لە کەناڵی یوتیوبەکەی خۆیەوە بەناوی (گاریس ئیکۆنۆمیکس) باسی ئەکات. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ زۆر لە کەناڵە چەپ و سەربەخۆکاندا چاوپێکەوتن ئەکات و وەڵامی پرسیارە ئاڵۆزەکان بە سادەیی ئەداتەوە. گاری بۆ ڕۆژنامەی (زە گاردیان) ئەنوسێ، کتێبێکی بە ناونیشانی (زە ترەیدین گەیم) کە لە مانگی داهاتوودا لە 5ی مارسی  2024دا لەیەک کاتدا بە هەشت زمانی جیاجیا، سەرەڕای ئینگلیزی بە (چینی و فینلەندی و ئیسپانی و فەرەنسی و ئەڵمانی ....هتد) بڵاوئەکرێتەوە.  

 

گاری ئەڵێ لە 2019ەوە حکومەتی بەریتانیا 850 بلیۆن پاوەندی خستۆتە بازاڕەوە (350 بلیۆن چاپکردنی پارە و 500 بلیۆن قەرزکردن)، وە ئەڵێ کە ئەم ڕێژەیە لە ئەمریکادا 10 تریلیۆن دۆلارە (کە حکومەتی ئەمریکا لە 2019ەوە خستویەتییە سیستەمەکەوە). گاری باسی ئەوە ئەکات کە چۆن بەشی هەرە زۆری ئەم پارارانە کە خراوەتە سیستەمەکەوە، بە ڕاستەوخۆیی وبە ناڕاستەوخۆیی چۆتە گیرفانی هەرە دەوڵەمەندەکانەوە.   

 

گاری ستیڤنسۆن، چونکە لە ڕوانگەیەکی سۆشیالیستێوە لە کێشەکە ناڕوانێ، تاکە ڕێگە چارەیەک کەپێشنیاری ئەکات بۆ کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی ئێستا و قڵشتی چینایەتی تەنها لەوەدا ئەبینێ کە باجی سەر کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان زیاد بکرێت و جیاوازی چینایەتی کەم بکرێتەوە. ئەڵێ ئەگەر خەڵکی ئاسایی لەسەر ئەم هەڵاواردن و جیاوازییە چینایەتییە قوڵە نەیەنە دەنگ و کارێک نەکەین، ئەوا خەڵکی هەژارتر ئەبێت و ئاستی ژیان لە بەریتانیا و ڕۆژئاوادا، وەک نەیجیریا و بەرازیل و هیندستانی لێ دێت و نەوەکانی ئەم جیلەی ئێستا و داهاتوو، هەرگیز ناتوانن ببنە خاوەنی خانووی خۆیان. 

 

دەوڵەمەندەکان هیچ باج نادەن، ئەوان چەند ملیۆنێک ئەدەن بە چەند ژمێریارێکی باش و چەند پارێزەر تا خۆیان لەهەموو باجێک بپارێزن. وە ئەوان بە یاسا ئەم کارە ئەکەن، چونکە سیستەمەکە بە شێوەک دیزاین کراوە تا ئەوان فێڵی یاسایی بکەن و خۆیان لە دانی باج بپارێزن. گاری ئەڵێ ئەگەر دەوڵەمەندە عیملاقەکان  هێندەی ڕێژەی سەدی هەر کرێکارێکی تری ئاسایی (کرێکاری کارگەیەک، کارگوزارێک، شۆفیری پاسێک یان پۆلیس و مامۆستا و پەرستارێک) باج بدەن، کە هەر دووهەفتە جارێک باجەکە لە کرێکەیان ئەبردرێ و دەوڵەت ئەیبات، ئەوا ئەتواندرێ ئەم نایەکسانییەی ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر کەم بکرێتەوە و سیستەمەکە بپارێزرێ لەوەی هەرەس بهێنێ. 

 

بەهەرحاڵ خوێندنەوەی باسەکانی گاری و گوێگرتن لە چاوپێکەوتن و ڤیدیۆکانی، نەک هەر خۆشە، بەڵکو سودمەندە بۆ هەر کەسێک کە دژی سەرمایەداری بێت و مەشغەڵەی نایەکسانی ئابوری و بنیاتنانی دنیایەکی باشتر بێت. 

 

تۆماس پیکیتی کە ئیکۆنۆمیستێکی فەرەنسییە و پسپۆڕە لە (نایەکسانی و دابەشکردندا) و سەرمایەداری خۆش ئەوێ و زیاتر نزیکە لە باڵی چەپی بۆرژوازی فەرەنسی. ناونیشانی یەکێک لە دوا کتێبەکانی کە لە 2020دا بڵاویکردۆتەوە، بریتییە لە (تایم فۆ سۆشیالیزم - کاتی سۆشیالیزمە). پیکێتی ئەڵی لە 1990دا لە تەمەنی 19 ساڵیدا کە لە گەڵ گروپێک قوتانی فەرەنسادا چووە بۆ ڕۆمانیا بۆ پشتیوانی شۆڕشی گەنجانی ڕۆمانیا لە دژی ڕژێمی چاوچیسکۆ، ئەڵێ ئەگەر کەسێک بیوتایە تۆ رۆژێک کتێبێک ئەنووسی بەم ناونیشانە، ئەوا ئەم وت ئەمە لە گاڵتەیەکی گەورە زیاتر هیچی تر نییە. ئەڵێ بەڵام ئێستا لە پاش سی ساڵ ئەم کارەم کرد. پیکێتی ئەڵێ "من ئێستا گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە پێویستە بیر لە شێوازێکی نوێ بکەینەوە بۆ تێپەڕین لە سەرمایەداری، بیر لە فۆرمێکی نوێی سۆشیالیزم بکەینەوە"پیکیتی بەردەوام ئەبێ و ئەڵێ " سۆشیالیزم گونجاوترین ڕێگەیە بۆ وەسفکردنی بیرۆکەی سیستەمێکی ئابوری جێگرەوە بۆ سەرمایەداری". پیکێتی نوسەری کتێبی (سەرمایە لە سەدەی بیست و یەکدا) کە لە 2013 نووسیوێتی و لە 2018 دا کراوە بەکوردی. بەهیوای ئەم کتێبەشی (کاتی سۆشیالیزمە) وەرگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی.

 

بەها و سەروەتی تەنها یەک کۆمپانیای ئەمڕۆی دنیا (مایکرۆسۆفت)3.1 تریلیۆن دۆلارە، کە هێندەی سەروەتی (جی دی پی) یەک ساڵی تەواوی هەموو ولاتانی کیشوەری ئەفریقایە کە 1.4 بلیۆن کەسی تیادا ئەژی. ئەم نایەکسانییەیە کە (تۆماس پیکێتی)شی وا لێکردووە، کە بڵێ سۆشیالیزم ڕێگە چارەیە. 

زیاتر لە 30 ساڵ پێش ئێستا مەنسور حیکمەت وتی "هیچ کات هێندەی ئێستا چینی کرێکار پێویستی بە کۆمۆنیزم نەبووە" . هەروەها وتی "بنچینەی سۆشیالیزم ئینسانە، سۆشیالیزم گێڕانەوەی ئیرادەیە بۆ ئینسان". 

 

سیستەمی سەرمایەداری لە ئەزمەیەکی قوڵدایە، بەداخەوە لە ئێستادا سۆشیالیزم و ڕێگەچارەکانی چینی کرێکار بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی سیستەمی ئێستا و بنیاتنانی سۆشیالیزم، نەبووە بە ئەڵتەرناتیڤی عەمەلی چین و بزوتنەوەکەمان. هێشتا لە زۆر وڵاتاندا باڵی ڕاستی بۆرژوازی و پۆپۆلیستە نازی و فاشیستەکان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی کرێکاران و خەڵكی مەحرومکراوی وڵاتەکان بوونە و کورسییەکانی پەرلەمانیان زیاد ئەکات. لەو قەیرانە قوڵەی کە سیستەمی سەرمایەداری لە 1929دا تووشی بوو، واتە (گرانی گەورە - گرەیت دیپرێشن) لە ئەڵمانیادا هیتلەری هێنایە بوون، کە ئەو ماڵوێرانییەی بەسەر ئەڵمانیا و جیهاندا هێنا. چینی کرێکار نابێت خۆشخەیاڵ بێت بە بەچکە هیتلەرەکانی ئەم سەدەمە کە بە هێڕشیان بۆ سەر پەنابەران، دەسەڵات بگرن و درێژە بەتەمەنی سیستەمی سەمایەداری بدەن.

ئەم سیستەمە پێویستی بە هەڵوەشانەوە و گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە. لەم سیستەمەدا چاکسازی و ڕیفۆرم ئەگەر بشسەپێندرێ، ئەوا کاتییە و چارەسەری کیشەکانی چینی کرێکار ناکات، وەڵام دامەرزاندنی سۆشیالیزمە.  لەم خەباتەدا چالێنجەکانی بەردەم چینی کرێکار زۆرە، لەم خەباتەدا کێشە و ئاستەنگی نوێ پەیدا بووە کە پەنجا ساڵ پێش ئێستا وجودی نەبووە، ئەنتەرناسیۆنالێکی نوێ پێویستە، بڵاوبوونەوەی دیدگای سۆشیالیستی و لەبەرچاوگرتنی پەرژەوەندی سەرتاسەری هەموو چینەکە و پەرەسەندنی حیزبییەتی چینی کرێکار و پێکەوە گرێدانی خەبات و هاوپشتی و هەرەوەزی هەموو چینەکە لە ئاستی دنیادا پێویستە. کرێکارانی سۆشیالیست و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست ئەرکیانە کە ببنە بەستەری لێکهەڵپێکانی ئەم خەباتە چینایەتییە لە ئاستی وڵاتەکان و لە ئاستی نیونەتەوەییدا. 

 

تێبێنی: ئەمەی خوارەوە یەکێک لەو چاوپێکەوتنانەی گاری ستیڤنسنە.

https://www.youtube.com/watch?v=DVvoyRpxG-A 

 

28/02/2024

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu