عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

رژێمی ئێران لە کۆتایی خۆی نزیک بۆتەوە. دوای تێپەڕبوونی 45 ساڵ بەسەر دەسەڵاتی ئاخوندان، خەڵکی ئێران لەو دەسەڵاتە تووڕە و ناڕازین. لە راپەڕینە بەربڵاوە جەماوەرییەکانی چەند ساڵی رابردوودا، ئاستی تووڕەیی و رق و نەفرەتی خەڵک بەرامبەر بە رژێمی ئێران بە باشی دەرکەوتووە.

ئەم رژێمە لە ناوخۆی ئێران رووبەڕووی ئاپۆرەیەکی زۆر تووڕە و وەزاڵەهاتوو بووەتەوە کە بە هیچ شتێکی کەمتر لە رووخاندنی ئەم رژێمە رازی نابن. لە نێو خەڵکی ئێراندا هیچ بنەماڵەیەک نادۆزێتەوە کە بە هۆی ئەم رژێمەوە ئازیزێک یان ئازیزانێکی لە دەست نەدابێت، یان ماف و ماڵ و موڵکیان لە لایەن ئەم رژێمەوە تاڵان نەکرابێت. بە واتایەکیتر، هەموو ئێرانییەک بە جۆرێک بووەتە قوربانیی دەستی ئەم دەسەڵاتە ئایینییە!

کەلێنی نێوان توێژی دەسەڵاتدار و ئاپۆرەی ٨٥ ملیۆن کەسی، رۆژانە لە زیادبووندایە. رۆژ نییە لە ئێران کەسێک یان چەند کەسێک دەستبەسەر نەکرێن و ئەشکەنجە نەدرێن یان لە سێدارە نەدرێن و بێسەروشوێن نەکرێن. لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە ٩٠٠ کەس لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە لە سێدارە دراون. ساڵی ١٣٦٧ (1988) زیاتر لە ٣٠ هەزار زیندانیی سیاسی، بە پێی فەتوای خومەینی کۆمەڵکوژ کران. لە راپەڕینی جەماوەری ساڵی 1398 (2019)دا زیاتر لە 1500 کەس بە فەرمانی خامنەیی کوژران و لە راپەڕینی جەماوەری ساڵی 1401 (2022)دا زیاتر لە ٧٥٠ کەس بە فەرمانی خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئاخوندان شەهید کراون.

لە لایەکیترەوە، رۆژ نیە خەڵکانێکی زۆرتر (بەتایبەتی خەڵکانی خوێندەوار و پسپۆڕ) بە شێوازی جیاواز ئێران بەجێنەهێڵن و خۆیان نەگەیەننە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ژمارەی کۆچبەرانی ئێرانی نزیکە لە (10) ملیۆن کەس. هەژاری لە ئێران، رۆژانە خەڵکانێکی زۆرتر هەڵدەلووشێت. خودی شارەزایانی رژێم دەڵێن "70%ی خەڵک یان لەژێر هێڵی هەژاریدان، یان لە لێواری هەژاری تەواودان!" ئەمساڵ هێڵی هەژاری (30) میلیۆن تمەنی تێپەڕاندووە و لە بازنەکانی ئێراندا باس لە هەڵاوسانی ١٢٠% دەکرێت. میدیای حکومی (خەبەرئۆنلاین) لە ٢٦ی رێبەندانی ١٤٠٢دا نووسیویەتی کە بە پێی راپۆرتە فەرمییەکان، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی هەر مەتری چوارگۆشەی خانووبەرە لە تاران لە ساڵی 1395 بۆ 1396 (واتا 2017) نزیکەی (5) ملیۆن تمەن بووە، ئەمڕۆ ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە نزیکەی ٧٠ ملیۆن تمەن.

هەر لە کەشێکی لەمجۆرە لە بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵاتدایە کە عەلی خامنەیی لە پێناو مانەوەی رژێمەکەی، هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی سەرکوت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و زیادکردنی لەسێدارەدان لە ناوخۆی ئێران، رووی لە شەڕخوازی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کردووە و بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخانکردووە!

ئەوەی جێگای سەرنجە، بناغەکانی هەبوونی ئەم دەسەڵاتەیە، کە نەک هەر لە سەرەتاوە بە نەگۆڕی ماوەتەوە، بەڵکو هەمیشە لەسەر بنەمای "سەرکوتکردن لە ناوخۆ" و "شەڕئەنگێزی و شەڕفرۆشی و تیرۆر لە دەرەوەی وڵات" دامەزراوە. هەر کام لەم دوو بناغەیە بڕووخێت، بە دڵنیاییەوە ئەوی دیکەشیان بە هەمان شێوە دەڕووخێت. هێزی پارێزەری ئەم رژێمە، هەرچەندە لەژێر ناونیشانی جیاوازدا کار دەکەن، بەڵام نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە ئەم هێزە چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە دەرەوەی ئێران، هەمان "سوپای پاسداران"ە و لەوە بەدەر نیە، کە لە ساڵانی رابردوودا زۆرتر دەستی بەسەر سێ دەزگای دادوەری و حکومەت و یاسادانەری ئەم رژێمەدا گرتووە.

مەهدی نەسیری، بەڕێوەبەری پێشووی بەرپرسی رۆژنامەی (کەیهان)ی خامنەیی، لەم دواییانەدا رایگەیاند کە نزیکەی (70) فەرماندە سوپای پاسدارانیان هێنایە ناو پەرلەمانی پێشوو و رەنگە بیانەوێت ئەمجارە (140) کەس بهێننە ناو ئەم پەرلەمانە!

لەم دواییانەدا گرووپێک بە ناوی "راپەڕین هەتا رووخاندنی رژێم" دەستیان بەسەر ٦٠٠ سێرڤەری سەر بە مەجلیسی رژێمی ئێراندا گرتووە(ئاژانس فەرەنسە - ٢٤ی رێبەندانی ١٤٠٢) و زۆرێک بەڵگەنامەی گرینگی پەیوەست بەم مەجلیسەیان ئاشکرا کردووە. ئەو بەڵگەنامانەی نەک هەر رەهەندە بەرفراوانەکانی دزیکردن و بە تاڵانبردنی دارییەکانی خەڵک لەلایەن ئەندامانی مەجلیسەوە نیشان دەدەن، بەڵکو هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی رژێمیان تووشی کێشەگەلێکی گرینگ کردووە، کە بڕیارە لە رۆژی ١١ی رەشەمەی ١٤٠٢ بەڕێوەبچێت.

بەشێک لە بەڵگەنامە بڵاوکراوەکان رۆڵی خامنەیی و مەجلیسی رژێم لە سەرکوتکردن لە ناوخۆی ئێران و شەڕخوازی لە ناوچەکەی ئاشکرا کردووە. لە یەکێک لە نامەکان کە مۆری "زۆر نهێنی"ی لەسەرە، لە لایەن پاسدار باقری، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان، نێردراوە بۆ پاسدار (محەمەدباقر قالیباف) و تیایدا هاتووە: "سوپاس بۆ پەسەندکردنی بڕی (3) ملیار یۆرۆ بۆ ژێرخانی بەرگری لە مەجلیس و داخوازیی 500 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ بەرهەمهێنانی بەلەم و مووشەک و رادار و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی نرخی ئاڵوگۆڕ و تمەن لە بازاڕدا!". هەروەها پاسدار قالیباف لە ژێرەوەی نامەکەدا نووسیویەتی: "بەپێی فەرمانی فەرماندەی باڵای گشتی هێزەکان (واتە خامنەیی)، پێویستە بە چاوی تایبەت سەرنج بخرێتە سەر لیستی داواکارییەکانی سوپای پاسداران".

عەبدوڵڵا ناسری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی (ئیرنا)، وێڕای بەراوردکردنی خومەینی لەگەڵ خامنەیی (٢٠ی رێبەندانی ١٤٠٢) دەڵێت: لە سەردەمی خومەینیدا، نزیکەی تەواوی ئابووریی وڵات لە دەستی حکومەتدا بوو... بەڵام خامنەیی تەنیا سەرنجی لەسەر (سوپای پاسداران) و (بەسیج)ە، و زیاتر لە سەدا (60)ی سەرمایە و ئابووری "نیشتمانی لە دەستی سوپای پاسداراندایە."

لە نێو بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی گرووپی "راپەڕین تا رووخاندنی رژیم"دا، بەڵگەنامەی مووچەی ٢٢٦ ئەندامی مەجلیس لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢ بەرچاو دەکەوێت، کە بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە، هەر ئەندامێکی مەجلیس، مانگانە (213) ملیۆن و (765) هەزار تمەن وەردەگرێت. بێگومان مووچەی هەندێکیان زۆر لەوە زیاترە. ئەمە تەنها مووچەی بنەڕەتییە.

هەر لەم روانگەیەوەیە کە لە نەخشەریگای "سەری مارەکە"دا، پێویستە سەرەتا سوپای پاسداران، کە ئۆرگانی سەرەکیی پاراستنی ئەم رژێمە دیکتاتۆریەیە، بکرێتە ئامانج. لە رۆژی هەینی ٢٧ی رێبەندانی ساڵی ١٤٠٢، ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەڵمانیا لە خۆپیشاندانەکەیاندا، کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆنفرانسی ئاسایشی مۆنیخ(مۆنشن)، وێڕای شەرمەزارکردنی سیاسەتی سازان لەگەڵ رژیمی مەزهەبیی ئێران، وەک "سەری ماری سەرکوتکردن و شەڕخوازی"، جەختیان کردە سەر ناوزەدکردنی سوپای پاسدارانی ویلایەتی فەقیهیی لە لیستی تیرۆریستیدا.

دوا وشە!

فێڵ و تاکتیکی وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار لە ئێران، کە لە 45 ساڵی رابردوودا بەکارهێنراون، ئیتر کریاری نەماوە. سیاسەتی شەڕئەنگێزی و شەڕفرۆشتنی ئەم رژێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتایی هاتووە و، ئەوەی ئێستا "ڕێنوێنی کردار"ە، پانکردنەوەی سەری ئەم مارەیە یان نیزیکبوونەوەیە لێی. لەم دواییانەدا سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر شوێنەکانی ناوخۆی ئێرانی کردووە. ئەم رژێمە هەرچی زیاتر "دهۆڵی شەڕ" بژەنێت، بژاردەی "پانکردنەوەی سەری مارەکە" زیاتر لەبەرچاو دەگیرێت و بژاردەکانیتر کاڵتر دەبنەوە!