هەشتی مارس ... دەریـــا هەڵەبجەیـے

تەنها وەبیرهێنانەوەیەکی زۆر بچووکه
پێمان دەڵێت
تۆی ژن تەنها یەک ڕۆژت هەیه
تیایدا ژن بیت
وەک مرۆڤێک مافت هەبێت
بیرت نەچێت...
هەشتی مارس
پیاوەکان پیاوبوونی خۆیان
بە سادەیی ژن دەفرۆشن...
وەک چەترێکی شکاو
لە ژێر ڕەحمەتی
باو بۆران و تۆفانێکدا
ناتوانن ڕێ لە تەڕ بوونی
پرچی ژنێک بگرن...
هەشتی مارس
من هەمان ئەو ژنەم
تۆ دوێنی دڵت شکاند و
ئەمڕۆ بە درۆیەک پێم دەڵێیت
خۆشم دەوێیت..
بۆ سبەینێ هەموو شتێک بە کۆتا دێت..
تۆ دەبیتەوه بە خۆت و
منیش بۆ جاری هەزارەم
دڵم دەشکێت..
درۆزنن ..
بۆیان بکرێت خەتاکانیان
بە سادەیی و به پاکیزەییمان دەسڕن..
لەوە زیاتر سادە مەبن...
هەشتی مارس دێت
هیچ ناگۆڕێت..
کێ دەزانێ
ڕەنگە ئەمشەو ژنێکی تر
پرچەکانی ئاگر بگرێت..
دەیانی تر دڵی بشکێت..
ڕەنگە هەتا سبەینێ دێت..
گۆڕستان هەشت جەستەی گەرم
لە باوەشی ساردی بگرێت..
چەن دێڕێکی ناشیرینه
کاتێک دەڵێن
هەشتی مارس پیرۆز بێت لە ژن....
هیچ مەڵێن و
تۆزێک پیاو بن...
بەسە بۆ ژن...
دەریـــا هەڵەبجەیـے

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu