نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست له چوارچێوه‌ی سیسته‌می دیموكراسیدا ناتوانێ ده‌نگی زۆرینه مسۆگه‌ر بكات، چونكه نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست له ماوه‌ی سه‌دان یانخود ده‌یان ساڵ حوكمڕانیی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ستی لاواز و بێ هێز كردووه، هاوكات به كه‌ڵكوه‌رگرتن له تاكتیكی شۆردنه‌وه‌ی شۆناسیی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و نه‌ته‌وانه، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر بیروهزری تاكی ئاسایی و ته‌نانه‌ت سیاسیی و ڕووناكبیریی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ست داناوه. هه‌روه‌ها به كه‌ڵكوه‌رگرتن له كولتووری فاشیزم و شه‌ڕی كولتووریی كه هه‌ر له ته‌مه‌نی مێرمندڵییهوه له قوتابخانه‌كانه‌وه نه‌وه‌كانیان به‌وه په‌روه‌رده ده‌كه‌ن كه بێجگه له نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه خاوه‌ن كولتوور نییه و شانازییه بۆ ئێوه كه له نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستن. بۆیه هه‌میشه و هه‌رده‌م ڕای گشتیی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه نابێ نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ست خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بن و ده‌بێ شانازی به‌وه بكه‌ن كه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستدا ژیان ده‌كه‌ن و له كولتووری ئه‌وان كه‌ڵك وه‌رده‌گرن و ئه‌وانیش له سێبه‌ری ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست ژیانێكی ئاسووده‌یان هه‌یه.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست له ڕێگی دیموكراسییه‌وه به‌ده‌سه‌ڵات بگات، (هه‌رچه‌ند كه قه‌د ناگات) ناتوانێ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له ڕێگای دیموكراسییه‌وه چاره‌سه‌ر بكات، چونكه كاپیتالیسم وه‌ك پڕۆسه‌یه‌كی ئاخێنراوی دیموكراتیی و گلۆبالیزم ڕێگه به پارچه‌كردنی سنووری وڵاتان نادات، هه‌رچه‌ند كاپیتالیسم مانه‌وه‌ی خۆی له سنووری ئازاد و بازاڕی ئازاد‌دا ده‌بینێته‌وه و باییخ دان به كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و درووست كردنی سنووری نوێ له‌گه‌ڵ بنه‌مای كاپیتالیسمدا ناگونجێت، به‌ڵام ئه‌و سنووره ئازاده‌ی ده‌وێ كه ته‌نیا ڕێگه‌ی ئاڵوێڵكردنی سه‌رمایه بڕهقسێنێت، نه‌وه‌ك ئه‌و سنووره ئازاده‌ی كه گه‌لانی بنده‌ست خه‌ونی پێوه ده‌بینن.
كام نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست له كام وڵاتی جیهان له ڕێگای دیموكراسییه‌وه توانیوێتی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستدا سه‌ركه‌وێت و مافه‌كانی به‌ده‌ست بهێنێت، بێگومان هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست له ڕێگای دیموكراسییه‌وه نه‌یتوانیوه به ڕێگای ئاشتیانه كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی چاره‌سه‌ر بكات و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیی خۆی دامه‌زرێنێت. ته‌نانه‌ت هیچ حوكوومه‌تێكی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ناتوانێ به ته‌نیا یاسایه‌ك كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بنه‌مای یاسایی بنه‌ڕه‌تیی وڵات دابنێت، جێگیر بكات، چونكه له یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵات ڕێی لێ‌گرتوون. بۆیه نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست دائیم له چوارچێوه‌ی سیسته‌می دیموكراسیدا له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه یاریی به چاره‌نووسی ده‌كرێت و سیسته‌می دیموكراسیش ته‌نیا به مه‌به‌ستی درێژكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست كاریگه‌ر ده‌بێت، نه‌ك ئه‌وه‌كه گۆڕانكاریی له یاسایی بنه‌ڕه‌تیی وڵات‌دا بكات.
هیچ كه‌مینه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له چوارچێوه‌ی سیسته‌می دیموكراسیدا ناتوانێ هێنده ده‌نگ مسۆگه‌ر بكات كه بتوانێ یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵاتی تێدا بگۆڕێت. وڵاتی توركیه بۆ نه‌ته‌وه‌ی تورك وڵاتێكی دیموكراتییه، به‌ڵام بۆكورد ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مێكی فاشیستیی و دیكتاتۆره، له توركیه كورد نوێنه‌ری پارله‌مانی هه‌یه، ته‌نانه‌ت هه‌نووكه حیزبی كوردیی هه‌یه له توركیه كه توانیوێتی ببێته حیزبی سێیه‌م له ئاستی گشتیی وڵات‌دا، به‌ڵام كام له مافه‌كانی كوردی مسۆگه‌ر كرد! پارتی دادوگه‌شه‌پێدان كه پارتێكی توركییه پتر له یه‌ك ده‌یه‌یه حوكوومه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه كه‌چی تاكوو هه‌نووكه نه‌یتوانیوه بڕگه‌یه‌ك له یاسای بنه‌ڕه‌تی ئه‌و وڵاته بگۆڕێت. بۆیه ده‌ڵێم له چوارچێوه‌ی دیموكراسیدا مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست دابین ناكرێن.
یان ده‌بێت دیموكراسیی له وڵاتانی داگیركاری كوردستاندا له باشترین ئاستدا كه له ئاستی دیموكراسیی وڵاتانی ئه‌ورووپی به‌رزتر بێ، جێگیر بكرێت و ئه‌وكات كورد ده‌نگی له سه‌دا ٧٠ی گه‌ل به‌ده‌ست بهێنت، له‌وانه‌یه پاش ئه‌وه شانسی ئه‌وه‌ی هه‌بێ كه بڕگه‌یه‌ك له یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵات بگۆڕێت، ئه‌ویش نه‌ك هه‌وڵ بۆ جیابوونه‌وه بدات، چونكه نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست كه خاوه‌ن چه‌كی پێشكه‌وتوو و سه‌رباز و هێزه ئیزن به‌وه نادات، دیسان كێشه‌كه ده‌بێته‌وه كێشه‌یه‌كی سه‌ربازیی و هه‌وڵ ده‌درێت كه به ڕێگای سه‌ربازیی ئه‌و پرسه یه‌كلایی بكرێته‌وه. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه! به‌ڵام با ئه‌وه‌ش بپرسین كه ئایا كورد ده‌توانێ له چوارچێوه‌ی وڵاتانی داگیركاریدا ده‌نگی له سه‌دا ٥٠ به‌ده‌ست بهێنێت. نه‌خێر، ئه‌وه ڕوو نادات، چونكه ڕێژه‌ی كورد له‌و وڵاتانی داگیركاریدا زۆر نزمتره له ڕێژه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست.
له به‌شێك له وڵاتانی ئه‌ورووپی، وه‌ك بریتانیا، سپانیا، فره‌نسا، بلژیك و هتد… كه به ناوكی دیموكراسیی نوێ هه‌ژمار ده‌كرێن، چه‌مك و پڕۆسه‌ی دیموكراسیی نه‌ك هه‌ر كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانی چاره‌سه‌ر نه‌كردووه، بگره به‌شێك له‌و نه‌ته‌وانه به هۆی دۆخی ئابووریی و سیسته‌می كاپیتالیسم و سه‌رمایه‌داریی كه به ناوكی پڕۆسه‌ی دیموكراسیی هه‌ژمار ده‌كرێن و هاوپێچی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ن شۆناسی به‌شێك له‌و نه‌ته‌وانه‌ی له‌نێو بردووه و ئاسیمیله كردووه. ئه‌و دیموكراسییه‌ی كه له‌و وڵاتانه‌ش به‌دی هاتووه، نزیك به پێنسه‌د ساڵ ئه‌زموونی هزریی و فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی له دایكبووه، بۆیه وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان له‌وانه‌یه پێنسه‌د ساڵی دیكه دیموكراسیی ئه‌زموون بكه‌ن ئه‌و كات ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌گه‌ینه ئه‌م قۆناغه‌ی كه هه‌نووكه نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانی ئه‌ورووپای تێدایه.
دیموكراسیی به‌پێی كولتوور، سیسته‌می سیاسیی، ئابووریی و مێژوویی وڵاتان جیاوازه و له‌هه‌ر وڵات و مه‌مله‌كه‌تێكدا به‌پێی دۆخ و هه‌لوومه‌رجی سیاسیی ئه‌و وڵاته گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی به‌سه‌ردا دێت، ڕاسته دیموكراسیی ئه‌مڕۆیی كه به دیموكراسیی ڕۆژئاوایی ناسراوه له كۆمه‌ڵێك كۆڵه‌كه و پێوه‌ری كاپیتالیستیی پێك دێت، به‌ڵام له ڕاستیدا به‌هۆی به‌رفه‌راوانی ئه‌و چه‌مكه‌وه، له وڵاتانی جیاواز هه‌ڵگری پێناسه‌ی جیاوازه، وه‌ك ئاماژه، هه‌نووكه زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان خۆیان به وڵاتی دیموكراتیك ده‌زانن و مه‌زنترین پێوه‌ری دیموكراسیش كه هه‌ڵبژاردنه له تێكڕای ئه‌و ولاتانه به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ڵام له ڕاستیدا له شێوه و چه‌شنی جیاوازدا ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه به‌ڕێوه ده‌چن.
دیموكراسیی له وڵاتی كۆریای باكوور خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه یه‌ك كه‌س خۆی به‌ربژێر بكات و ئه‌و كه‌سه‌ش ده‌بێ سه‌رۆك بێ و ده‌بێ گه‌ل ته‌نیا ده‌نگ به‌و سه‌رۆكه بدات و له‌هه‌ر كوێ سه‌رۆك خۆی ده‌رخست گه‌ل به جۆش و خرۆشه‌وه پێشوازیی لێبكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره نه‌كه‌ن ئه‌وه سه‌ركۆنه ده‌كرێن و له‌وانه‌شه ژیانیان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی ببێته‌وه. دیموكراسیی له وڵاتێكی وه‌ك ئێران‌دا به‌و چه‌شنه‌یه كه ده‌بێ ڕێبه‌ر بۆ هه‌میشه ڕێبه‌ر بێ و كه‌س مافی ڕه‌خنه لێگرتنی نییه و هه‌ركه‌س ڕه‌خنه‌ی لێبگرێت ئه‌وه ژیانی ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی ده‌بێته‌وه و به‌ند ده‌كرێت و له‌وانه‌شه له به‌ندیخانه‌دا بكوژرێت، (هێنده به‌ئاسانیی).
ده‌بێ سه‌رۆككۆمار و ئه‌ندامانی پارله‌مان و سهرۆكشارهوانییهكان و تێكڕای گه‌ل باوه‌ڕیان به چه‌مكی سیسته‌می سیاسیی و حوكمڕانیی ڕێبه‌ری ئێران هه‌بێ، كه ئه‌ویش خۆی به وه‌لی فه‌قی هه‌ژمار ده‌كات، هیچكه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه ببێته پارێزگار، سهرۆكشارهوانیی، یانخود سه‌رۆككۆمار و ئه‌ندام په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر هات و باوه‌ڕی به چه‌مكی وه‌لی فه‌قی شیعه نه‌بێت. له ئێران‌دا هه‌ڵبژاردن ته‌نیا بۆ چه‌واشه‌كردن به‌ڕێوه ده‌چێت و ئه‌وه‌ی كه ڕێبه‌ری ئێران به‌دڵی نه‌بێ به‌ده‌سه‌ڵات ناگات. هه‌روه‌ك چۆن له كۆریای باكوور سه‌رۆك هه‌میشه سه‌رۆكه.
له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست زۆربه‌ی حوكوومهتهكان خۆیان به دیموكرات ده‌زانن، به‌ڵام دیموكراسییه‌كه‌ی ئه‌وان خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه گه‌نده‌ڵ بن و ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان دابڕ بكه‌ن و باییخ به ده‌نگ و ڕه‌نگی كۆمه‌ڵگا نه‌ده‌ن. له ئێران، ئێراق، توركیه و سوریه‌ش هه‌موان باوه‌ڕیان به دیموكراسیی هه‌یه و پێیان وایه كه ئه‌وان دیموكراتن و به ده‌نگی گه‌ل به‌ده‌سه‌ڵات گه‌ییشتوون، كه‌چی هه‌ركه گه‌ییشته سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات ئیتر دژی گه‌ل ده‌وه‌ستنه‌وه و ده‌ست به چه‌واشه‌كاریی ده‌كه‌ن، به‌شار ئه‌سه‌د و سه‌دام حسێن هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێك خۆیان به‌ربژێر ده‌كرد و له سه‌دا ٩٩ی ده‌نگه‌كانیان مسۆگه‌ر ده‌كرد، نا، له‌ڕاستیدا له سه‌دا سه‌دی ده‌نگه‌كانیان مسۆگه‌ر ده‌كرد، ئه‌مه شێوازی چه‌مك و فۆرمی دیموكراسیی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بوو. واتای دیموكراسیی له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ئه‌وه‌یه كه گه‌ل هه‌میشه برسیی و هه‌ژار و نه‌دار بێ و ده‌سه‌ڵاتدارانیش خاوه‌ن كۆشك و ته‌لار و سه‌رمایه‌دار بن.
به‌ڵام چه‌مكی دیموكراسیی له ئه‌ورووپا جیاوازه، واتای ئه‌م چه‌مكه له وڵاتانی ئه‌ورووپیی و سكاندیناڤیا ئه‌وه‌یه كه گه‌ل به‌خته‌وه‌ر بێ و خاوه‌نی كار و ژیانێكی باش و ستاندارد بن. به بچووكترین خۆپیشاندان حوكوومه‌ت ده‌ڕۆخێت یانخود سه‌رۆكوه‌زیر ده‌ست له ده‌سه‌ڵات ده‌كێشێته‌وه، چونكه خۆی پێ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، بۆیه تووشی ڕه‌خنه بووه‌ته‌وه. دیاره چه‌مكی دیموكراسیی له وڵاتانی ئه‌ورووپیش به‌پێی كولتوور و دۆخی ئابووریی ئه‌و وڵاتانه جیاوازه و له به‌شێك له وڵاتانی ئه‌ورووپا دیموكراسیی له قۆناغێكی پێشكه‌وتوو دایه و له به‌شێكی دیكه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپا به‌تاییبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا ئه‌و چه‌مكه نه‌گه‌ییشتووه‌ته ئاستی ڕۆژئاوای ئه‌ورووپا.
دیموكراسیی له ئه‌مریكا به‌ته‌واوه‌تیی پێناسه‌یه‌كی كاپیتالیستیی هه‌یه و حیزبه سیاسییه‌كان و ده‌سه‌ڵات له‌ژێر كاریگه‌ریی سهرمایهدارهكانن و چه‌مكی كاپیتالیسم له‌و وڵاته كاریگه‌ریی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و بڕیاره‌كانی حوكوومهتهوه هه‌یه، ته‌نانه‌ت هیچكام له به‌ربژێره‌كانی پۆستی سه‌رۆككۆماریی ئه‌مریكا به‌بێ پشتیوانیی كاپیتالیسته‌كان و سه‌رمایه‌داره‌كان ناتوانن بگه‌نه كۆشكی سپیی. باشترین چه‌مكی دیموكراسیی كه ئه‌مڕۆ له جیهاندا به‌دی ده‌كرێت له وڵاتانی سكاندیناڤی، یه، له‌و وڵاتانه هه‌موو پێداویستییه‌كانی ژیان به باشی بۆ گه‌ل دابینكراوه و مافی هاوڵاتییانش به‌ڕاستی پارێزراوه، نه‌ك ته‌نیا له چوارچێوه‌ی یاسادا به‌ڵكوو له كرداردا چه‌سپاوه.
درێژه‌یه هه‌یه…