شۆکی گۆڕانی پارتی!. ... ئاسۆ کمال

 

ڕیکەوتنی ئەمجارەی گۆڕان و پارتی شۆکێکی گەورەیە بۆ ئەوانەی نازانن پڕۆژەی گۆڕان چیە؟ بەتایبەت بۆ ئەو"ڕوناکبیرانە"ی گۆڕان کە ڕێکەوتنی ستراتیژی یەکێتی و گۆڕان نەک هەر شۆکی نەکردن بەڵکو دڵیان لەگەڵیدا بوو. بەڵام گۆڕان لەهەر دوو ڕێکەوتنەکەدا هیچی زیاتری لە بەرنامە سیاسیەکەی خۆی نەکردوە. ئەوانەی توشی شۆک بە حکومەتکردن لەگەڵ پارتی دەبن و شاگەشکە دەبن بە یەکگرتنی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی، نازانن کە ئەم کردەوە سیاسیە هەر یەک شتە و ئەویش هەوڵی گۆڕانە بۆ گۆڕانی یەکێتی و پارتی. ئەمە فەلسەفەی سیاسی گۆڕانە. گۆڕان دەیەوێ پارتی و یەکێتی بەو هێز و سیستەمە بگۆڕێ کە جێگای گۆڕانی تێدابێتەوە. گۆڕان لەم پێناوەدا لەسەر ناکۆکی و کێشەی نێوان یەکێتی وپارتی یاری دەکا، هەرچۆن یەکێتی و پارتی خۆیان لەسەر قەڵشتی نێوان ئێران و تورکیا و عێراق سیاسەت دەکەن. گۆڕان بە بانگەشەی گۆڕانی سیستەمی دوو حزب بە سیستەمی فرەحزبی و بە کۆتایی هاتنی پاوانی دەسەڵات لای پارتی و یەکێتی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەڕێگەی پەرلەمانەوە و کۆتایی هاتن بەگەندەڵی ئابوری و ئیداری بوە نوێنەری خەڵکی ناڕازی لەدەست یەکێتی و پارتی. بەڵام ئەم پڕۆژانە لەلای هێزی سیاسی دەبێ تەرجومەی عەمەلی بکرێ و گۆڕانیش چەند ساڵێکە ئەو بانگەشانەی کردۆتە سیاسەت و پێمان دەڵێ چۆن دەیگۆڕێ؟ گۆڕان مەبەستی لە کۆتایی هاتنی دوو سیستەمی دوو حزبی بە فرەحزبی دروستکردنی ئەو جۆری حکومەتەیە کە ببێتە شەریکی پۆستەکان و جا مادام پارتی خاوەنی ئەم پۆستانەیە ئەوا تەنیا چونە خزمەتی سەری ڕەش ڕیگاکەیەتی. ئەگەر گۆڕان باسی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەڕێگەی پەرلەمانەوە دەکرد و وەک خۆیان دەڵێن تا سەرپەتەکە چون دژی سیستەمی سەرۆکایەتی، ئەوا تەجروبەی تاڵی دەورەی پێشویان تاقیکردەوە کە پەرلەمان نیە کە حکومەت و دەسەڵات دروست دەکا بەڵکو ئەوە پارتی و یەکێتین کە حکومەتی واقعیان بەدەستەوەیە و دەرگای پەرلەمان لەهەر کاتێکدا بێت دەتوانن دای بخەن. کەواتە دەستکەوتی کورسیەکان لە مۆڵەتی بەشداری لەدەسەڵاتدا زیاتر ناڕوا و خەیاڵی دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەبێ سەری ئەو پۆستانەش نەخوا کە پێیان بەڕەوا دەبنیرێ. دەرسێکی تریش ئەوەیە کە سیستەمی ئەم دووحزبە چەکدارە سەرۆکایەتی بێ یان پەرلەمانی هاوسەنگی هێزی نێوان یەکێتی و پارتی بڕیاری لەسەردەدا و پارتی بەسەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەتەوە گۆڕانی هێندە گۆڕیوە کە لە ١٠٠ ڕۆژی یەکەمی ئەم کابینەدا عەلی حەمەساڵح و ئاشتی هەورامی لەیەکترجاناکەیتەوە. کۆتایی هاتنی گەندەڵی ئابوری و ئیداری کە گۆڕان بەلێنی داوە لە ١٠٠ ڕۆژی یەکەمدا چارەسەری بکا، تەنیا دەبێ لە وەزیری دارایی و باژێڕوانی سلێمانی و ئەندامانی جڤاتەکەی سەردەمی نەوشیروان مستەفا بپرسین کە ئێستا لای پارتی و یەکێتی خزمەت دەکەن تا پێمان بڵێن بۆ ئەوەی لە ڕیزی سەرمایەدارانی حزبی کوردستاندا بیت دەبێ چۆن بزانی کە بەدواداچونە ڕۆژنامەوانیەکانی گۆڕان چۆن زیان بە بەرژەوەندیت دەگەیەنێ و چۆن خاوەن پۆست و سەرمایەکانی گۆڕان دەبێ بزانن کە هەموو نانیان لەو سیستەمە ئابوری و ئیداریەی بازاڕی ڕەشی پارتی و یەکێتیدایە . دەستەی وەبەرهێنانی گۆڕان دەزانن کە بونە شەریکی ئابوری موڵکانەستێنی نەوت و موڵکانە فرۆشی سیاسی پارتی و یەکێتی پێویستی بە پەسەندکردنی بڕیارگەلێکە کە وەک جاری پێشوو وەزیرەکانی گۆڕان و ئیسلامیەکان لەسەر پاشەکەوتی موچە هاودەنگی پارتی و یەکێتی بن و یان لەسەر تاوانی ١٦ ئۆکتۆبەری یەکێتی و گرتن و سەرکوتی خەڵکی شیلادزێی پارتیەوە فزە لەم ئۆپۆزسیۆنانەوە نەیەت. گۆڕینی سیستەمی سیاسی میلیشیایانە و گەندەڵی ئابوری و ئیداری کاری گۆڕانێک نیە کە خۆی لەگۆڕانی بەردەوامدایە بە کاربەدەست و پاشکۆ شەریکی یەکێتی و پارتی. گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە تەنیا لەڕێگەی ئەو هێزە ناڕازیەی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و ئازادیخوازی کوردستانەوە ئیمکانی دەبێ کە لە خۆپیشاندان و باکۆتەکانیاندا هێزی جەماوەری خۆیان نیشانداوە و ئەمڕۆ پیویستی بەوەیە ئەو هێزە سەربەخۆیانە بێتە مەیدانی ململانێی سیاسیەوە و کۆتایی بەم دیماگۆگیەت و شانۆگەریانەی ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان و ئیسلامیەکان بێنێ کە هەرکات باریان دەکەوێتە لێژی و دەرگای پەرلەمان و حکومەتیان لێ دادەخرێ دەکەونەوە هاتوهاواری "دەیگۆڕین". ئەم هەنگاوەی گۆڕان بۆ گۆڕانی پارتی گۆڕینی پارتی نیە بەڵکو بونە گۆڕانی پارتیە کە دوای شکستی گۆڕانی یەکێتی هاتوە. ڕێگای خەڵکی ناڕازی ڕێگای بونە پاشکۆی ئەم سیاسەتەی گۆڕان نیە بۆ ئەوەی ببنەوە دیاری چوار ساڵی تری ئارامی شەقامی حکومەتی پارتی و خەڵکی ناڕازی ناتوانن وەک گۆڕانی پارتی ببنە خەڵکی پارتی و یەکێتی. خەڵکی ناڕازی دەبێ خۆی ببێتە نوێنەری ناڕەزایەتیەکانی بەرامبەر بەم دەسەڵاتە میلیشیایی و گەندەڵەی سەرمایەدارانی کورد. ئاسۆکمال

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu