سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقی نوێ ... بورهان شێخ ره‌ئوف

دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كانی هه‌لًبژاردنه‌ گشتیه‌كانی عیراق، پێشكه‌شكردنی تانه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ن له‌ پرۆسه‌كه‌دا، له‌ چه‌ند رۆژی ڕابردوودا هه‌ڕه‌شه‌و كاردانه‌وه‌و لێدوانی توندو جۆراوجۆریان داوه‌ كه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی زۆرن بۆ خه‌ڵكی عێراق، هه‌رچه‌نده‌ شیعه‌ مه‌رجه‌عیه‌تێكی باڵایان هه‌یه‌ بۆ پرسه‌ گرنگه‌كان ئه‌و كێشه‌كان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌، له‌ به‌رئه‌وه‌ شه‌ڕو توندو تیژی و به‌ریه‌ككه‌وتن له‌ ئێستادا له‌ نێوان لایه‌نه‌ شیعیه‌كاندا ئه‌گه‌رێكی دووره‌، به‌ دیاریكراوی به‌ بوونی مه‌رجه‌عیتێكی گرنگی وه‌كو سه‌ید سیستانی كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا بواری نه‌داوه‌ شه‌ڕی ناوخۆی شیعه‌ ڕووبدات.

به‌هه‌رحاڵ سه‌ره‌ڕای ئه‌و لێدوان و هاتو هاوارانه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ ناڕازیانه‌، لایه‌نه‌ براوه‌كان سه‌رقاڵی كۆڕوكۆبوونه‌وه‌و هاوپه‌یمانی به‌ستنن بۆپێكهێنانی گه‌وره‌ترین فراكسیۆن هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ش مشتومڕی زۆری له‌سه‌ره‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوی.

به‌گوێره‌ی ده‌ستووری ساڵی 2005، عێراق سی سه‌رۆكایه‌تی هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ دیاری نه‌كراوه‌ كامیان بۆ كام لایه‌ن و پێكهاته‌ی عێراقه‌، به‌ڵام تازه‌ وه‌كو عورفی لێهاتووه‌و سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ عه‌ره‌بی سوونه‌ و سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ گه‌وره‌ترین و فراوانترین دسه‌ڵاتی هه‌یه‌ بۆ عه‌ره‌بی شیعه‌.

پێكهینانی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌ عێراق پێویستی به‌ زۆرینه‌یه‌كی ساده‌ هه‌یه‌ واته‌ نیوه‌ كۆ یه‌ك (165+1) له‌ كۆی 329 كورسی.

به‌ڵام ئه‌مجاره‌ دۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌ به‌ هۆی لێكه‌وته‌كانی شۆرشی تشرین و ئه‌و ڕه‌وته‌ دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و تائیفیه‌ ڕیزبه‌ندی و هاوپه‌یمانێتیه‌كانیش گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیووه‌.

هه‌ر له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانی تشرینی 2019 ه‌وه‌ ڕه‌وته‌كه‌ موقته‌دا سه‌در هه‌ڵوێستێكی جیاوازی له‌وانی ترڕاگه‌یاند ئه‌ویش دژ به‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كیه‌ له‌ كاروباری ناوخۆی عێراق، كه‌ ئه‌مه‌ش ئاسان نیه‌ بۆیان له‌ ئێستادا هاوپه‌یمانی له‌ گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌دا بكات كه‌ وه‌لائیان بۆ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌.

سه‌رۆكوه‌زیرانی سه‌دری

سه‌دریه‌كان ئێستا به‌ ئاشكرا ڕایانه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌رگه‌رمی وتوێژن بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ بۆ دروستكردنی حكومه‌تی نوی چونكه‌ یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانن (73) كورسی، راپۆرته‌ میدیاییه‌ خۆرئاوایی و ناوخۆییه‌كان له‌ناو خودی ڕه‌وتی سه‌دروه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نانه‌ت موقته‌دا سه‌در حه‌زده‌كات خۆی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت.

هه‌ربۆیه‌ خێرا دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن سه‌در ڕایگه‌یاند به‌ گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق حكومه‌تی نوی عێراق ڕه‌وته‌كه‌ی ئه‌و دایده‌مه‌زرێنێت، چونكه‌ گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی ناو په‌رله‌مانه‌ به‌ پێی ده‌ستوور، به‌ڵێنی ئه‌وه‌شی كه‌ ده‌بێت چه‌ك ته‌نها به‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ چه‌كی به‌رگریمان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ حه‌شدی شه‌عبی.

سه‌در ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند كه‌ هه‌موو باڵوێزخانه‌ بیانیه‌كان له‌ عێراق رێزلێگیراون به‌ باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكاشه‌وه‌ له‌ به‌غدا، وتی هاوكاری هه‌موو یان ده‌كه‌ین به‌ مه‌رجێك رێز له‌ سه‌روه‌ری عێراق بگرن.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ڵوێستی ڕه‌وتی سه‌درتائێستا له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران جێگیر نیه‌ كه‌ ئایا بێلایه‌ن بێت یان سه‌دری واته‌ ئه‌ندامی فراكسیۆنه‌كه‌ی خۆیان بێت، به‌ گوێره‌ی لێدوان دژبه‌یه‌كه‌كانی ڕه‌وتی سه‌در.

كازمی ده‌بێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران؟

هه‌رچه‌نده‌ ده‌وڵه‌تی یاسای مالیكی ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ تا ئێستا 85 كورسیان كۆ كردۆته‌وه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌ نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی یاساو فه‌تح و ئه‌وانی تریش كه‌ هێشتا ناوه‌كانیان ئاشكرا نه‌كراوه‌،

هه‌رچه‌نده‌ قورسه‌ و ئاسان نیه‌ خوێندنه‌وه‌ی دروست و ورد بۆ گۆڕه‌پانی كێبڕكی و ململانێی سیاسی عێراق بكرێت، هه‌ندێك له‌ چاودێران له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ ئیئتلافه‌كه‌ی مالیكی سه‌ركه‌وتووبێت له‌ كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین ژماره‌ی كورسی نوێنه‌ران، ئه‌ویش به‌ هۆكاری نه‌بوونی متمانه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌در كه‌ جێگیر نیه‌و زوو زوو ده‌یگۆڕێت، ئه‌زموونیان زۆره‌ له‌ گه‌ڵیدا له‌ خووله‌كانی پێشووی په‌رله‌مان وده‌ركردنی بڕیاری كتوپڕ و كه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی تووشی شۆك ده‌كرد، وه‌كو بڕیاره‌كانی كشانه‌وه‌ی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ په‌رله‌مان له‌ هه‌ڵبژاردن.

بۆیه‌ ئاسان نیه‌ پێشبینی بكه‌یت یان بڕیار بده‌یت له‌ سه‌ر شێوازی هاوپه‌یمانێتیه‌كان تا به‌ستنی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ هاوپه‌یمانی تازه‌ پێكبێن له‌ نێوان لایه‌ن سیاسیه‌كان له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاسا یان سه‌درییه‌كان، بۆیه‌ زۆر قورسه‌ كاندیی زۆرینه‌ ده‌ستنیشان بكرێت یان هیچ كه‌سێك ئه‌و شانسه‌ی هه‌بێت.

بۆیه‌ له‌ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كاندا قه‌واره‌ی سه‌درییه‌كان گره‌و له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ نه‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن له‌ سه‌ر كاندیدێكی زۆرینه‌، به‌ڵكو به‌ره‌و كاندیدێكی سازان بڕۆن یان بێلایه‌ن، ئه‌ویش موسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستایه‌ كه‌ ڕه‌وتی سه‌در پشتگیری ده‌كه‌ن به‌ هه‌موو توانایه‌كیانه‌وه‌.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu